ناسر هەرکی: دەبێ دەنگدان لە دادگای فیدراڵی بە زۆرینە بێت
ناسر ههركى، ئهندامى فراكسیۆنى پارتى له پەرلەمانی عێراق ڕاگهیاند، زۆربهى ماددهكانى ناو پڕۆژهیاسای دادگاى باڵای فیدراڵى له پەرلەمان پهسندكراون و ئهوهى ماوهتهوه چهند ماددهیهكه، كه ”ئێمه وهك فراكسیۆنى پارتى و ژمارهیەک پهرلهمانتارى دیکە سەرنجمان لەسەر هەیە“.
ناسر هەرکی ئاماژەی بە مەترسییەک لە پرۆژەیاساکە کرد و رایگەیاند، لە ماددەیەکی پرۆژەیاساکەدا هاتووە، دەنگدان لەسەر پرسە سیاسییەکان بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی دەبێت، کە ”ئێمە داوا دەکەین ئەو ماددەیە رەچاوی دەستوور بکات و دەنگدان بە زۆرینە بێت“.
لەبارەی ئەو بڕگەیەی لایەنە شیعەکان سوورن لەسەری، کە بریتییە لە دانانی زانای شەریعەت لە دادگا و پیویستە ئەو زانا کاریگەریی لەسەر بڕیارەکان هەبێت، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی رایگەیاند، ئەوان داوایان کردووە پیاوانی ئایینی کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان نەبێت.
هەروەها ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، زۆرینەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدان لە جیاتی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی، ”یاسا کۆنەکە ھەموار بکرێتەوە“.
ڤیان سەبری رایگەیاند، پرۆژەیاساکە مەترسیی لەسەر کورد و هەموو پێکهاتەکان دروست دەکات و هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی مافەکانیان، نابێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوان داوا دەکەن، یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان نەوەک زۆرینەی سادە (50+1)، هەموار بکرێتەوە.
بڕیارە کاتژمێر 4ـی ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 18-3-2021 پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کۆ ببێتەوە.
باسنيوز
