دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دواخرا

 دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دواخرا
دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە دوەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەلایەن 19یەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچو کە دەمیرتاش لە گرتوخانەی ئەدیرنەوە بە ئۆنلاین بەشداربو، جارێکی دیکە بەمەبەستی ئامادەکردنی سەرنجەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر دۆسییەکەی، بڕیاردرا دانیشتنی داهاتوی دادگاییکردنی دەمیرتاش بۆ رۆژی 14ی نیسان دوابخرێت.

دەمیرتاش رەخنەی لە دەستەی دادوەران گرت بەوەی پابەندی بڕیارەکان و راسپاردەکانیدادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا نەبون

لە دانیشتنی دوەمی دادگاییکردنی دەمیرتاش، شەش پەرلەمانتار، چوار ئەندامی سەرکردایەتیی هەدەپە، ژمارەیەک رۆژنامەنوس، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوژینی دەمیرتاش و پارێزەرانی ئامادەبون، دەمیرتاش لەسەرەتای دانیشتنی دادگادا رەخنەی لە دەستەی دادوەران و سیستەمی دادوەریی تورکیا گرت بەوەی پابەندی بڕیارەکان و راسپاردەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئازادکردنییەوە نەبون.

بە پێشێلکردنی سەرجەم یاساکان من لە زیندان و ئەردۆغانیش لە دەسەڵات دەهێڵنەوە

هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان وتی، دەستەی دادوەرانی 19یەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەی "نەک تەنیا پێشێلکاریی دەستوور دەکەن، بەڵکو چالاکیی سیاسی ئەنجام دەدەن و بە فەرمانی سیاسی بڕیاردەدەن، ئەوان رێز لە ویستی دەنگدەران ناگرن و هاوکارن بۆ گۆڕینی سیستەمی دیموکراسی بۆ سیستەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی، چونکە بە پێشێلکردنی سەرجەم یاساکان من لە زیندان و ئەردۆغانیش لە دەسەڵات دەهێڵنەوە".

خۆتان مەکەنە قوربانی بۆ دەسەڵاتێک کە 99% لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەگۆڕدرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆتان مەکەنە قوربانی بۆ دەسەڵاتێک کە 99% لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەگۆڕدرێت. بانگ دەکرێنە کۆمیسیۆنی دادوەری و یاسایی پەرلەمان و لێپێچینەوەتان لەگەڵدا دەکرێت. سوێندبێت، لەبەردەم دادگا ئەوەی بە منتان کردوە دانە بە دانە لێتان دەپرسمەوە و باجی ئەو کارەتان دەدەن".

دەمیرتاش داوای گۆڕینی دادوەرانی کرد، بەهۆی ئەوەی تەنانەت بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایان نەخوێندوەتەوە

دەمیرتاش لەڕێگەی پارێزەرەکەی داوای گۆڕینی دادوەرانی کرد، بەهۆی ئەوەی تەنانەت بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایان نەخوێندوەتەوە و سورن لەسەر درێژەدان بە پرۆسەی دادگاییکردن و ئازادنەکردنی، بۆیە دەستەی دادوەران داوایان لە هۆبەی وەرگێڕانی وەزارەتی داد کرد بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ بۆ زمانی تورکی وەرگێڕدرێن و دانیشتنی داهاتوی دادگاییکردنی دەمیرتاش لە رۆژی 14ی نیسان بەڕێوەدەچێت.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردوە

رۆژی 12ی ئازاری 2021 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، پێشتریش چەندجارێک ئەو دادگا ئەوروپییە هەمان داواکاریی ئاراستەی تورکیا کردوە، بەڵام تورکیا سەرەڕای واژۆکردنی بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، بریارەکە بە سیاسی دەزانێت و جێبەجێی نەکردوە.

لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016ەوە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە

دەمیرتاش ساڵی 2007 لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکو نوێنەری پارێزگای ئامەد بوەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لەدوای قەدەغەکردنی دەتەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، ساڵی 2010 بوەتە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، دواتر بوە بەھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکراو تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە.








خەندان
Top