متمانە لە پەرلەمانتارێکی دیکەی هەدەپە وەرگیرایەوە
رۆژی 21ی شوباتی 2018 داواکاری گشتیی کۆماریی لە پارێزگای کۆجائێلی، تۆمەتنامەی دژی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە ئامادەکرد و داوای سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی کرد، ئەوەش بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە.
دوای دوو ساڵ و لە رۆژی 20ی شوباتی 2021دا، 16یەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەو پارێزگایەش، داوا و راسپاردەکەی داواکاری گشتیی پەسندکرد. لەسەر ئەو بنەمایە، داواکاری گشتی دۆسیەی تاوانی دژی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە بۆ وەزارەتی دادی تورکیا بەرزکردەوە، وەزارەتەکەش دۆسیەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە کە پرسی رووتکردنەوەی زیندانیانی لە تورکیا وروژاند، لەبارەی لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکەی رایگەیاند، بەهۆی "وروژاندنی بابەتی پشکنین لەڕێگەی رووتکردنەوە و ئەشکەنجەدانە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵمدا دەکرێت، چونکە ئەو پرسە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەی نیگەران کردووە و بووەتە سکانداڵێک لە هەموو ئەوروپا و جیهان باسی لێدەکرێت".
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو دەبێتە سێیەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە پارێزبەندیی لێ بسەندرێتەوە و لە کاری پەرلەمانتاری دووربخرێتەوە. رۆژی 4ی حوزەیرانی 2020 هەریەک لە موسا فارسئۆغوڵڵاری و لەیلا گیوڤەن پارێزبەندییان لێسەندرایەوە و لە پەرلەمانتاری دوورخرانەوە. بەمەش ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە بۆ 55 کورسی کەمیکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، هەزار و 173 دۆسیەی تاوان بۆ سەندنەوەی متمانە و پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەو ژمارەیەش 893 دۆسیە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش پارێزبەندییان لێسەندراوەتەوە.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، هەر پەرلەمانتارێک پارێزبەندیی لێ بسەندرێتەوە، متمانەشی لێ دەسەندرێتەوە و لە کاری پەرلەمانی دووردەخرێتەوە و شوێنگرەوەشی نابێت و ژمارەی کورسیی پارتەکەشی لە پەرلەمان کەمبدەکرێتەوە.
ژمارەی کورسییەکانی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی تورکیا بەمشێوەیە:
ئاکپارتی: 289 کورسی
جەهەپە: 136 کورسی
هەدەپە: 55 کورسی
مەهەپە: 48 کورسی
ئیی پارتی: 37 کورسی
پارتی دیموکرات: 2 کورسی
پارتی کرێکارانی تورکیا: 2 کورسی
پارتی یەکبوونی مەزن: 1 کورسی
پارتی دێڤا: 1 کورسی
دەبەپە: 1 کورسی
پارتی سەعادەت: 1 کورسی
پارتی نوێگەری: 1 کورسی
پەرلەمانتارە سەربەخۆکان: 9 کورسی
rudaw -
