بەهۆی پەكەكەوە 14 گوندی شارەدێی قەسرێ لە خزمەتگوزاری بێبەشن
فەیسەل ئاڵانی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ سەر بە قەزای چۆمان، رايگەیاند: "لە سنووری ناحیەكەمان 14 گوند لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراون، ئەوەش بەربەستی زۆری بۆ دروست كردووین كە نەتوانین ساڵانە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ئەم گوندانە جێبەجێ بکەین".
ئەوەشی خستە ڕوو: "هەرچەند پێشتر لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی رێگەوبان و ئاو و كارەبا و هتد..، بۆ ئەم گوندانە جێبەجێ کراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی بنکە و بارەگای پەكەكە لە ناوچەكە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ بۆیان زەحمەتە و ئاستەنگمان بۆ دروست دەبێت".
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ ئەوەشی ئاشكرا كرد: "جگەلەوەش ساڵانە بەهۆی بوونیچەکدارانی پەكەكە لە سنووری ئەم گوندانە، خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانیی بۆردمانەكانی توركیا و لەسەر خاكی خۆیان باجەكەی دەدەن، هیوادارین ئیتر پەکەکە درك بەوە بكەن و لە ناوچەكە دوور بكەونەوە و چیتر خەڵكی گوندەكانی هەرێمی كوردستان نەبنە قوربانیی رەوشی سەربازی و شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا".
باسنيوز
