ئاسایشی لوبنان هۆشداریی لە هێرشی چەکداری بۆ سەر ماڵی سیاسەتمەداران دەدات
هاووڵاتییانی لوبنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵگەنامەیەکی دەزگای ئاسایشی وڵاتەکەیان بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا هۆشدارییەکە دراوە.
لە بەڵگەنامەکەدا، ئاسایشی لوبنان رایگەیاندووە، زانیاریی ئەوەیان پێگەیشتووە، کە ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی چەکداری لە وڵاتەکەی و دروستبوونی گرووپی چەکداری، دەکرێت.
ئاسایشی لوبنان هۆشداریی داوە لەوەی ئەو گرووپە چەکدارییانە بەپاساوی دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانی و گرانیی بازاڕ و سەختیی ژیان، ”ئەجێندای سیاسی جێبەجێ بکەن“.
هەروەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، ئەگەر هەیە لە هەر کاتێکدا بێت، دیاردەی چەکداری لەسەر شەقامەکانی لوبنان دروست بێت و چەک بکەوێتە دەست خەڵک.
بەهۆی قەیرانی دارایی و رێک نەکەوتنی لایەنە لوبنانییەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، زیاتر لە ساڵێکە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و دارایی رووی لە هاووڵاتییانی لوبنان کردووە، لیرەی لوبنانی %80ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست داوە و گرانییەکی کوشندە رووی لەو وڵاتە کردووە.
باسنيوز
