جێگری پێشووتری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان: بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە تاوانی جەنگە

جێگری پێشووتری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان: بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە تاوانی جەنگە


جێگری پێشووتری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی گەلی کوردستان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکات.

یان ئێلیاسۆن، جێگری پێشووتری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (2012- 2016)، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، نابێ هەرگیز کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەلەلایەن رژێمی سەدام حوسێنەوە لەبیر بکرێت.

یان ئێلیاسۆن، کە سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێکی سویدییە، رایگەیاندووە، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی گەلی کوردستان و لە شەڕی عێراق- ئێران (1980-1988)، دەچێتە خانەی تاوانە جەنگییەکان و تاوانە دژەمرۆییەکان.

ئەو دیپلۆماتە سویدییە لەبارەی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی کارەساتەکە، رایگەیاندووە، ”جیهان بە شێوەیەکی شەرمەزارانە چاوی لەسەر ئەم رووداوە نووقاند“.

رۆژی 16-3-1988، رژێمی بەعس کە سەدام حوسێن سەرۆکایەتی دەکرد، شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون.



باسنيوز
Top