تەقینەوەیەک لەنێو خۆپێشاندەرانی کەرکووک روویدا و دوو کەس بریندار بوون
خۆپێشاندەران کە زۆربەیان لە پێکهاتەی عەرەبن، پێنج خێوەتیان لەبەردەم بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەکردایەتیی پارتی هەڵداوە و دەڵێن "لە کەرکووک شوێنی ریفراندۆمچییەکان نابێتەوە".
کەڕاڕ جاسم، خۆپێشاندەر راگەیاند "گەڕانەوەی ریفراندۆمچییەکانمان بیست بۆ نێو بارەگای پارتی، ئەمە لەکاتێکدایە کە شەهید و بریندار و خەڵکی بێسەروشوێنمان هەیە، ئێستا بیانەوێت بگەڕێنەوە ئەمە نابێت، تەنانەت ئەگەر خوێن بڕێژین، ئێستا خێوەت دادەنێین و ماندەگرێن و ئەگەر پێویستی کرد هەڵوێستی دیکەمان دەبێت".
پۆلیس و سوپا و لیوای 61ی تایبەت، ئاسایشی مانگرتووەکان دەپارێزن و ناوەناوە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەچنە پاڵ مانگرتووەکان.
سامی مەحموود، کەسایەتیی دیاری حەویجە گوتی "یەکەم شت، ئەمە كارێکی گوشارە لەسەر حکومەتی کوردی و حکومەتی بەغدا، ئێمە چۆن مافی خۆمان وەربگرین ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت، بۆیە ئەم خۆپێشاندانە وەکو خۆپێشاندانەکانی دیکە دانەنێن دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە بارەگای ئەنجوومەنی سەرکرایەتیی پارتی جێگیربوون. دواتر بارەگاکە کرایە ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، گردبوونەوە و خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشد دەریخست چەند کاژێرێکە ئەو بارەگایە چۆڵ کراوە".
عەسایب ئەهل حەق هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر رێککەوتنی ژێربەژێری هەولێر و بەغدا لەسەر کەرکووک هەڵنەوەشێندرێتەوە، دەچنە ناو بارەگاکەوە.
حاجە سجاد، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی عەسایب ئەهل حەق ئاماژە بەوە دەکات "زانیمان لیژنەیەک لە بەغداوە دێت بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنەکان، خەڵک توڕە بوون و دەستیان بە دانانی خێوەت کرد، چونکە دەیانەوێت پارێزگا لە پرۆسەی چەسپاندنی یاسا بکەن، ئەم بارەگایە بە واتای سەپاندنی یاسا دێت، ئێمە چاوەڕێ دەکەین تاوەکو بەغدا بڕیارەکە دەکشێنێتەوە، ئەگەرنا خێوەتەکان دەبەینە ناو بارەگاکە و جێگیر دەبین".
خۆپێشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، بەپێی بڕیاری شانەی قەیرانەکانی کەرکووک، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەموو جۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک قەدەخەیە.
rudaw -
