نرخی نهوت و دۆخی ئابووری ههرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟
چەند ڕۆژێکە نرخی یەک بەرمیل نەوت کە نزیکە دەبێتەوە لە 70 دۆلار، بە جێگیری ماوەتەوە بە گوێرەی پێشبنی پسپۆڕانی ئابووری جیھانی و رێكخراوی "ئۆپێک"یش ئەم نرخە ئەگەر زیاتر نەبێت بە جێگیری دەمێنێتەوە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات لەو بەرز و نزمییەی نرخی نەوت، داھاتی خۆی ڕێک خستوەتەوە بە ڕادەییەکی باش و لەگەڵ فرۆشتنی نەوت دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.
زیاد جبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پێیواییە "ئەگەر نرخی نەوت لەو ئاستە بمێنێتەوە؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ داھاتی ناوخۆدا دەتوانێت جێگیرییەکی دارایی باش بەخۆییەوە ببینێت".
گوتیشی: "ھەرچەندە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بژاردەیەکی باشە، بەڵام لەوەش گرنگتر کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی داھاتی ناوخۆی خۆمانە تا بەغدا ئیتر نەتوانێت کارتی دابینکردنی موچە بەرانبەر بە کورد بەکار بھێنێت".
پێشەوا ھەورامانی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان باسی وردەکاری فرۆشتنی نەوتی كرد و گوتی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری باشی کردووە بۆ ئەوەی داھاتی ناوخۆ زیاد بكات و ھەنگاوی ناوە بەو 450 ھەزار بەرمیلەی دەیفرۆشێت ڕۆژانە بڕی خەرجی ناوخۆ دابین بکات".
بە گوێرەی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت ڕۆژانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان 420 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەدەکات. بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەست ھەردوو لیژنەی دارایی و سامانی سروشتیدا ھەیە؛ ئێستا داھاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوتی ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەگەر قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بداتەوە، مانگانە دەتوانرێت بە بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق موچە و دابین بکات.
k24 -
