عێراق بەشێک لە شایستە داراییەکانی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی رەوانە كرد
ئهمڕۆ دووشەممە 15/3/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمرۆ پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی پارێزگای دهۆكمان نارد بۆ بانکەکانی دهۆك كە بڕەكەی 85 ملیار و 395 ملیۆن دینارە و دەست دەكرێت بە دابەشكردنی".
نازم محەمەد عەلی، بەڕێوبەری بەڕێوبەراتی بازرگانی دانهوێڵه لە پارێزگای دهۆك رایگەیاند: "ئەو 85 ملیار دینارەی کە پێش دوو هەفتە حكوومەتی عێراق رەزەمەندی لەسەر خەرجکردنی دابوو، گەیشتە بانکەکانی دهۆك و بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت".
نەوزاد شێخ کامیل سەبارەت بە پارەی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی گوتی: "ئەو رۆتیناتە کارگێرییەی هەبوو پاش ئاڵوگۆڕكردنی نووسراوەكان لە گەڵ بەغدا تەواو بووە، تەنها ماوە پارەكە بخرێتە سەر حیسابی سایلۆی هەردوو پارێزگاكە و لەم یەك دوورۆژە پارەكە دەنێردرێت و خەرج دەكرێت".
جەختی كردەوە پارەی جووتیارانی دهۆك پێش نەورۆز دابەش دەكرێت، بەڵام ئەوەی سلێمانی و هەولێر دابەشكردنەكەی دەكەوێتە دوای نەورۆز.
دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 جووتیارانی هەرێمی كوردستان لهلایهن حكوومهتی عێراقهوه، دواجار حكوومهتی عێراق بڕیاری دا نیوەی پارەكە، كه 268 ملیار دیناره، خەرج بكات
ڕۆژی 1/3/2021، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی ههرێمی كوردستان گەیشتە دەست وەزارەتی بازرگانی، بەهۆی دواكەوتنی دەركردنی (سحە سدور) بۆ لقی بانکی هەولێری ناوەندیی خەرجكردنی پارەكە دواكەوتووە.
پێشتر، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بڕیاری خەرجكرنی نیوەی پارەی گەنمی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە 268 ملیار دینارە تەواو بووە و هیچ كێشەی تێدا نییە، تەنیا هەندێك رێكاری دارایی و رۆتینە زۆری نەماوە ئەویش تەواو دەبێت".
جەختیشی كردەوە لە هەوڵی ئەوەدان نیوەی پارەكەی تریش خەرج بكرێت، "50%ی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە خەرج بكرێت، لە هەوڵی ئەوەداین ئەویش خەرج بكرێت و كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت".
باسنيوز
