وەزارەتی دارایی سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكان ئاگادار دەكاتەوە
بە پێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە ئاگاداری گشت وەزارەت و فەرمانگەكان كراوەتەوە بۆ ئامادەكردنی ئەژمێری كۆتایی (حیسابات خیتامی) ساڵی 2020.
وەزارەتی دارایی ئەوەی بۆ فەرمانگەكان خستۆتەڕوو، "بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پێشینانەی كە لەسەرتانە، ئاگادارتان دەكەینەوە دوایین بەروار بۆ داخستنی ئەژمێری كۆتایی ساڵی 2020 دەكاتە 31/5/2021".
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەداوە، تا پێش ئەو كاتە دەبێت پەلە بكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی پێشینەكان و ئامادەكردنی تەرازووی پێداچوونەوە لە كاتی خۆیدا بێ دواكەوتن، هاتووە" لە ئەگەری دواكەوتنی ئەو بابەتە فەرمانگە و بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندار و بەڕێوەبەری ژمێریار بەرپرس دەبێت و دەبێت پێش ئەو كاتە بگاتە دەستمان".
(باسنیوز) ئەوەی زانیووە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی راسپێدراوە ئەژمێری كۆتایی ساڵی 2020 ئامادە بكات و دواتر بۆ پەرلەمان دەنێردرێت.
ئەڕشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" وەزارەتی دارایی بەڵێنی ئەوەیان پێداوین ئەژمێری كۆتایی(حیسابات خیتامی)ی بۆ پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی دارایی بنێرن، لە ساڵانی پێشوو نەنێرداوە بۆ پەرلەمان ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە و پێشوازی لێدەكەین".
ئاماژەی بەوەشدا ئەژمێری كۆتایی زۆر زۆر گرنگە، چونكە هەموو داهات و خەرجییەكانی تێدا روونكراوەتەوە، گوتیشی:" وەزارەتی دارایی ئامادەكاری خۆیان بۆ ئەو بابەتە كردووە ، كابینەی نۆیەم گرنگی بە شەفافییەت دەدات حیسابات خیتامیش بەشێكی گرنگی شەفافیەتە، هەروەها ئەمساڵیش بودجەش ئامادە دەكرێت ئەو دووبابەتەش زۆر گرنگن بۆ شەفافیەتی دارایی و خەرجییەكان".
باسنیوز
