ئەندامێکی لێژنەی دارایی: هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەوە گەیشتوونەتە نیمچە رێککەوتن
ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 گەیشتوونەتە نیمچە رێککەوتن.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-3-2021، محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لێژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندووە، بەهۆی ”چەند رێکارێکی هونەری“ پرۆژەیاسای بودجە نەخراوەتە ناو کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان.
محەمەد ئیبراهیم هەروەها رایگەیاندووە، هەولێر و بەغدا لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەوە گەیشتوونەتە نیمچە رێککەوتنێک و دواخستنی خستنە دەنگدانی پرۆژەیاساکەش بۆ پێدانی کاتێکی زیاتر بووە بە تەواوکردنی رێککەوتنەکە.
هەرچەند محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دابوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام نەخراوەتە ناو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە.
باسنيوز
