حەشدی شەعبی فشاریان لە کازمی کردووە لە ساڵێکدا هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە

حەشدی شەعبی فشاریان لە کازمی کردووە لە ساڵێکدا هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە
ئه‌مریکا له‌ گووشاره‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپه‌كانی حەشدی شەعبی لە عێراق و داوای حەشدی شەعبیش بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامە، چاودێرانیش پێیان وایە لە کاتی ئێستا، نە حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێتەوە و نە ئەمریکا لە عێراق ئەجێندای کشانەوەی هەیە.

ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق ئاگربه‌ستی مه‌رجداریان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ڕاگه‌یاندووه‌ و داوایان لە مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق کردووە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ماوه‌ی 12 مانگدا بكات.

بەپێی زانیارییەکان، سه‌رجه‌م میلیشیا شیعه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتوون مسته‌فا كازمی نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بنێرێت و تیایدا كۆتاییهاتنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌عێراق ڕابگه‌یه‌نێت.

بەڵام، د. ناسڕ یووسف پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، لە کاتی ئێستادا نە ئەمریکا لە عیراق دەکشێتەوە و نە حەشدی شەعبیش هەڵدەوەشێتەوە، گوتی "ململانێی نێوان حەشدی شەعبی و ئەمریکا بەردەوامە و ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات و لە بەرامبەریشدا حەشدی شەعبی داوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دەکات، بەڵام ئەو ململانێیە پەیوەندی بە ئەجێندای گەورەتر لە حەشدی شەعبیەوە هەیە“.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لە قۆناغی ئێستا نە ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە و نە حەشدی شەعبیش هەڵدەوەشێتەوە، تەنیا ئەگەر دۆخێکی نوێ بێتە پێشەوە، کە بە ئاڕاستەیەک بێت ئەوە بخوازێ کە حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، یان بە پێچەوانەوە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، "بەداخەوە خاکی عێراق بووە بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان وڵاتان و ئەوەش زیانی لە خەڵکی عێراق داوە و رێگرە لەبەردەم ڕێکكەوتنەکان، بەو جۆره‌ی لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت“.













باسنيوز


Top