دەست بە خەرجكرنی پاره‌ی گەنمی سێ ساڵی جووتیاران دەكرێت

دەست بە خەرجكرنی پاره‌ی گەنمی سێ ساڵی جووتیاران دەكرێت
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات دەست بە خەرجكردنی پارەی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، سه‌رۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ بەغداش باسی خەرجكردنی نیوەی ئەو بڕە پارەیە دەكات كە خه‌رج نه‌كراوه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/3/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەگەر گرفتی تەكنیكی لە بەغدا بەردەوام نەبێت، هەوڵ دەدەین لەو هەفتەیەدا بڕێك لە پارەی گەنمی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دابەش بكەین".

دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 جووتیارانی هەرێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌، دواجار حكوومه‌تی عێراق بڕیاری دا نیوەی پارەكە، كه‌ 268 ملیار دیناره‌، خەرج بكات

نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش دا، دواكەوتنی خەرجكرنی ئەو 268 ملیارە کێشەی تەکنیکی بووە نەک سیاسی، "بڕیاری خەرجكردنی پارەكە تەواو بووە، بەڵام لە بەغدا بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و نەخۆشیی كۆرۆناوه‌، فەرمانبەران هەفتەی دوو رۆژ دەوام دەکەن، بۆیە پارەکە دواکەوتووە".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، مامەڵەکانی دهۆک و هه‌ولێر تەواو بووە، لەم هەفتەیەدا پارەکە دەگاتە دەستیان و دابەشی دەکەن، "ئەوەی تایبەتە بە سلێمانی بەهۆی هەڵەی نووسینەوە بووە لە نووسراوکاندا، ئەوانیش سەرقاڵی چارەسەرن، ئەگەر کۆتایی ئەم هەفتەیە نەگات، ئەوا هەفتەی داهاتوو ئەوانیش تەواو دەبێت".

ڕۆژی 1/3/2021، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان گەیشتە دەست وەزارەتی بازرگانی، بەهۆی دواكەوتنی دەركردنی (سحە سدور) بۆ لقی بانکی هەولێری ناوەندیی خەرجكردنی پارەكە دواكەوتووە.

لە لایەكی ترەوە، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند: "بڕیاری خەرجكرنی نیوەی پارەی گەنمی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە 268 ملیار دینارە تەواو بووە و هیچ كێشەی تێدا نییە، تەنیا هەندێك رێكاری دارایی و رۆتینە زۆری نەماوە ئەویش تەواو دەبێت".

جەختیشی كردەوە لە هەوڵی ئەوەدان نیوەی پارەكەی تریش خەرج بكرێت، "50%ی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە خەرج بكرێت، لە هەوڵی ئەوەداین ئەویش خەرج بكرێت و كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت".











باسنیوز


Top