ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا: پێگەی کورد لە کەرکووک بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر لاواز بوو
جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کەرکووک لە دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەرەوە کورد دەچەوسێننەوە، بە توندی دەستیان بە پرۆسەی تەعریب کردووەتەوە و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی پێگەی کورد دەدەن، ”ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا کورد لە کەکووک ھەست بەلاوازی و بێکەسی ناکات“.
جوان حەسەن هەروەها رایگەیاند، بەھۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و ناخۆشدا تێدەپەڕن و پێگەی کورد لاواز بووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، کە تاکە رێگای دەربازکردنی گەلی کوردستان لەو قۆناغە سەختەی ئەمڕۆ لە کەرکووک دووچاری هاتووە، یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکانە، ”باشترە لەم دۆخەی ئێستادا ھەموومان لە بەغدا یەکگرتوو و یەکھەڵوێست بین، بەرگری لە داخوازییەکانی میللەتەکەمان بکەین، ئەوکاتە بەھۆی ھەڵوێستەکانمانەوە دەتوانین شکۆ بۆ ھاوڵاتییانی کەرکووک بگەڕێنینەوە“.
باسنیوز
