پەکەکە و حەشدی شەعبی هۆکاری وێرانبوونی شنگالن
ئاژانس و میدیا جیهانی و تورکی و عێراقیەکان جەخت لەسەر ئامادەکاریەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر شنگال دەکەن بەشێوەیەک کە هەر لە ئاستی ئاسمانیدا نابێت و خۆی لە هێرشی زەمینیشدا دەبینێتەوە.
بەڵام، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزە چەکداریەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی رۆژ بە رۆژ ژمارەیان لەو قەزا ئێزیدی نشینە زیاتر دەبێت و بنکە و پێگەی سەربازی زیاتر لە شاخی شنگال و سەنتەری قەزاکە دادەمەزرێنن، لەکاتێکدا کە دەبوو بەپێی رێکەوتنی هەولێر و بەغدا ئێستا ئەو هێزە ناشەرعیانە (شنگال)یان چۆڵبکردایە و ئاوارە ئێزیدیەکان کە زیاتر لە 85٪ی خەڵکی شنگالن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن بگەڕابونایەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان.
لەمبارەوە، فەریق بابەکر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق ڕای گەیاند، پەکەکە ئێستا لە دەستی خۆیدا نیە و لە دەستی دوژمنانی کوردە و ئەوانیش چۆنیان بووێت وا بەکاری دەهێنن، گووتیشی “پەکەکە و حەشدی شەعبی ئێستا یەک ئاراستەو ئەجێندان و نایانەوێ دۆخی شنگال ئارام بێت، بوونی ئەوانیش لە شنگال ماڵوێرانیەکی دیکەیە بۆ کوردانی ئێزیدی کە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال، بەڵام ئەو دوو هێزە گوێ بەو ماڵوێرانیە نادەن و لەسەر ئەجێندای خۆیان لە شنگال بەردەوام دەبن”. لای خۆشیانەوە، فازڵ جابر، ئهندامی پهرلهمانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقیەکان ئاشکرای کردوە کە ئامانجی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە ئەوەیە دەست بەسەر چیای شەنگالدا بگرێت، بەوپێیەی پێگەیەکی ستراتیژی هەیە. لای خۆشیانەوە، قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەکەکە هاوشانی حەشدی شەعبی بە یەک ئەجێنداوە ئامادەنین پابەندی رێکەوتنی هەولێر و بەغدابن بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدیەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە شنگال بووەتە سەربازگەیەک بۆیان و ئەوەش وایکردوە کۆچی تەواوی ئێزیدیەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، چونکە لەلایەک مەترسی هێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال هەیە و لەلایەکی دیکەش بەهۆی بوونی پەکەکە و حەشد خەڵکی لە ژیانی خۆی دڵنیانیە و شارەکە بەجێدەهێڵێت.
باسنیوز
