بەشیر حەداد: بەم نزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە

بەشیر حەداد: بەم نزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات کە بەپێی دەستوور درێژە بە دانوستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بدات و بەمزوانەش شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی ەبغدا دەکاتەوە.

بەشیر حەداد، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی٣ی٢٠٢١ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد: "ئێستاش نوێنەرانی کورد لە بەغدا و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای ئەو دەقەی کە حکوومەت لە ئەنجامی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لە پرۆژەیاسای بودەجەدا نووسیویە، درێژە بە دانوستانەکان لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی دەدەن، بەڵام ئەو لایەنانەی کە بەو دەقە ناڕازین، هەتا ئێستا هیچ بەدیلیکێ دیکەیان نەخستووەتە ڕوو کە ببێتە هەوێنی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، بۆیە ئێستا چاوەڕویی ئەم بەدیلە دەکەین و ئەگەر ئەو بەدیلە نەبێت، هەمان دەق کە لەناو پرۆژەیاساکەدا هەیە، دەنگی لەسەر دەدرێت".

لەبارەی ئەو لایەنانەی کە لەگەڵ پرۆژەیاساکەدا ناکۆکن بەشیر حەداد ڕای گەیاند: "لەبارەی ئەو لایەنانەوە ناکرێ بڵێین دژی ڕێککەوتنە و دژی پشکی هەرێمی کوردستانن، بەڵام هەندێ جار مەرجەکان قورس دەکەن و ئەو مەرجانە یان لە دەرەوەی دەستوورن، یان ئەو مەرجانەن کە جێبەجێ ناکرێن، وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەکوو نوێنەرانی کورد لە بەغدا، هەموو ئەو ڕێکارانەی دەخرێنە ڕوو هەموو ئەو مەرجانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، قەبووڵمانە بە مەرجێک کە مەرجەکان دەستووری بن لە واقیعدا جێبەجێ بکرێن، چونکە لە چوارچێوەی دەستووردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مەرجێک قەبووڵ دەکات و درێغی ناکات و تا ئێستاش ئامادە بووە پابەندی هەموو ئەو مەرج و ڕێوشوێنانە بێت کەلە دەستوودا هەن".

لەبارەی گەڕانەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "بەمنزیکانە دەبێ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بەغدا و دەبێ پێش دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئامادە بن، بەڵام بە وردی و لەبارەی کات و ڕۆژەکەی دەبێ خۆیان بپرسن و دیاریی بکەن".

ڕاشی گەیاند: "ئێمە وەکوو نوێنەرانی کورد لە بەغدا داوامان کردووە کە باسکردن و دەنگدان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی لە بەرنامەی سبەینێی کاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا نەبێت و دەبێ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بێت، چونکە هێشتا باسکردن لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی ماوە و ئەوەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هناوە".






باسنيوز
Top