سبەی لە هەولێر بە هەزاران دار و نەمام دەچێندرێ
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پارک و ئەندازەکانی هەولێر ڕایگەیاند: " سبەی یەکشەممە 14ی3ی2021، هەڵمەتی فراوانی چاندنی دار و نەمام لە نێو شاری هەولێر دەست پێ دەكەین، هەڵمەتەكەش زیاتر ئەو گەڕەكانە دەگرێتەوە كە رێژەی سەوزاییان كەمە وەكو گەڕەكی فەرمانبەران و گەڕەكی ژیان".
گوتیشی: "ئێمە بە دوو قۆناغ دار و گوڵ و نەمام دەچێنین، لە 14ی 3 تاوەكوو مانگی 5 ئەوەی دەچێندرێ 30 بۆ 40 هەزار دار و گوڵ و نەمامە، تەنها بۆ ناوشاریش نابێت بۆ دەرووبەری هەولێریش دەبێت".
روونی كردەوە، ئەو دارو نەمامانەی دەچێندرێن بەرهەمی نەمامگە خۆماڵییەكانە، گوتیشی: "لە نەماگەكانی ئەندازەی پاركەكان ساڵانە نزیكە 200 هەزار دار و گوڵ بەرهەمدەهێنین و ساڵانەش ژمارەیەكی زۆر دار و نەمام گوڵ دەچێندرێ".
جەختی كردەوە. ساڵی رابردوو وێرای قەدەغەی هاتوچۆ هەزاران دار و گۆڵیان چاندووە، راشیگەیاند: "قەدەغەی هاتوچۆ وای نەکرد ئێمە بوەستین، بەڵکو لەو ماوەیەدا سەرەتا 60 هەزار گوڵ و دارمان چاند و دواتر گەیشتە پلانی کۆتایی بووە 100 هەزار دار و گوڵ".
ڕێبین ئەحمەد، جەختی کردەوە کە ئەوەی دەكرێت بە مەبەستی زیاتر بایەخدانە بە سەوزایی و شەقام و دوورگەی ناوەندی و پارکەکان و گوتیشی: " ئامانجی ئێمە لەو کارە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاککردنی هەوا و جوانکردنی شارە".
بە گشتی چوار جۆر دار و لەگەڵ پێنج جۆر گوڵ لە كاتی هەڵمەتەكانی چاندنی دار و نەمام بەكارهاتوون.
باسنیوز
