سەرکردەیەکی گۆڕان: پەکەکە بە قسەی کەس ناکا و مەترسی بۆ سەر کوردستان دروست کردووە

سەرکردەیەکی گۆڕان: پەکەکە بە قسەی کەس ناکا و مەترسی بۆ سەر کوردستان دروست کردووە
سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان رەخنەی توند لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەگرێت و رای دەگەیەنێت، پەكەكە بە قسەی كەس ناكات و مەترسی بۆ سەر كوردستان دروست كردووە و به‌ پێویستی ده‌زانێ كاره‌كانیان بگوزانه‌وه‌ سنووری خۆیان.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13/3/2021، عوزێر فەقیانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرنامەیەکی ھەیە، بە قسەی کەس ناکات و ئامۆژگاریی ھیچ کەسێکیش وەرناگرێت، ھەموومان دەزانین ئەو حزبە کرده‌ی سەربازیی ئەنجام دەدەن و بەھێچ شێوەیەک ڕەچاوی باوردۆخی ئەم بەشەی کوردستانیش ناکەن، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لانکەیەکی ئارامە بۆ حزبەکانی باکوور و ڕۆژھەڵات، ئەگەر پەکەکە بە ھۆی کار و كرده‌وه‌ سەربازییەکانی خۆیەوەیە ئەم بەشەی کوردستان تێک بدات، ھەموومان زەرە دەکەین و دوژمنەکانمان قازانج دەکەن.

به‌ پێویستیشی زانی، پەکەکە كاره‌كانی بگوازێتەوە بۆ باكووری كوردستان، چونکە باكووری کوردستان لە ڕوی جوگرافیاوە له‌بارتره‌ كاتێك په‌كه‌كه‌ لێرە كرده‌وه‌ی سەربازی دەکات، تورکیا بەھۆی بوونی پەکەکەوە گوندەکانی ھەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەھۆی بوونی پەکەکەوە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، "بۆ نموونە بناری قەندیل سەدان گوندی تێدایە، بەڵام یەک گوندمان نییە بە ئازادی بتوانێت ژیانی خۆی بەڕێ بکات، ھەمووی بەھۆی پەکەکەوە تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری بوونەتەوە".

عوزێر فەقیانی، باسی لەوەش کرد، ئەگەر پەکەکە كرده‌وه‌كانی خۆی لێرە فراوان بکات، یان بەشێوەیەکی زەق بارەگای سەربازی دابنێت، ئەوکاتە تورکیا گوێ بەھیچ شتێک نادات و ناوچەکانمان بوردومان دەکات، بۆیە باشترە پەکەکە بە گوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی خاکی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەوانەوە ھێندەی دیکە ڕووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە.












باسنیوز


Top