پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: پێویستە پەکەکە بنکە و بارەگاکانی بگوازێتەوە باکووری کوردستان

پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: پێویستە پەکەکە بنکە و بارەگاکانی بگوازێتەوە باکووری کوردستان
پەرلمانتارێکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بنکە و بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە بۆ باکووری کوردستان.

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە بۆ ھەموو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

محەمەد ئەحمەد بەپێویستی زانی ئەو حزبانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان ھەوڵەکانی خۆیان بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بخەنەگەڕ، چونکە ”ئەم خاکە بەخوێنی شەھیدان ئازاد کراوە ناکرێ حزبێکی کوردی ھەوڵی تێکدانی بدات“.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی پێیوایە پەکەکە و هاوئاوازەکانی لە تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رێگا خۆشکردن بۆ لەشکرکێشیی وڵاتانی دراوسێ، ”زەرەرمەندی یەکەم دەبن“.

محەمەد ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە، کە دەبێ پەکەکە مەیدانی خەباتی خۆی بگوازێتەوە باکووری کوردستان و بنکە و بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان نەهێڵیت، بۆ ئەوەی رێگا بۆ تورکیا خۆش نەکات لەشکرکێشی بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.











باسنیوز


Top