دۆسیەی دەمیرتاش و عوسمان كاڤالا دەبێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانی ئەورووپا
دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا كاڤالا و دەمیرتاش كە لە توركیا زیندانی كراون ئازاد بكرێن، توركیا وەڵامی ئەو دادگایەی نەدایەوە كە خۆی ئەندامە تێیدا و گوتی حوكمەكانی ئەو دادگایە بۆ توركیا ڕەواییان نییە، بۆیە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا هاتووەتە سەر هێڵ.
لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەیان داوە، ئیتر دۆسیەی عوسمان كاڤالا تەنیا لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا قسەی لەبارەوە ناكرێت، بەڵكوو هەموو هەفتەیەك لە لیژنەكەی خۆیان گفتوگۆی لەسەر دەكەن و هەوڵ دەدەن بە زووترین كاتدا ئازاد بكرێت.
هەروەها لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاشیش، ئەو لیژنەیە هەفتەی داهاتوو دۆسیەكەی یەكلایی دەكەنەوە و ئێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن کە ئاخۆ ئەویش وەكوو كاڤالا دەكرێتە رۆژەڤی هەمیشەیی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا؟
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، ئەو لیژنەیە چالاكانە كار دەكات تا توركیا ناچار بكات، رێز لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بگرێت، تا نەگەنە ئەنجامیش واز لە دۆسیەكە ناهێنن.
لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، ٤٧ وڵات تێیدا نوێنەریان هەیە، لەمەودوا لە هەموو كۆبوونەوەی هەفتانەیاندا، یەكەم بابەت كە باسی دەكەن دۆسیەی عوسان كاڤالایە و، ئەگەر هەفتەی داهاتوو دۆسیەی دەمیرتاشیش بخەنە بەرنامەی کارەوە، كە پێدەچێت بڕیاری لەبارەوە بدەن، ئیدی كاڤالا و دەمیرتاش دۆسیەكەیان تەنیا لە توركیا و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نابێت، بەڵكوو پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپاش بەرگرییان لێ دەكات.
باسنيوز
