ئیدارەی ئەمریکا: هواوی و چوار کۆمپانیای دیکەی چینی مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئێمە
جێسیکا رۆزەنوۆرسێل، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە فیدڕالییەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی هواوی، ZTE، هیتێرا کۆمەنیکەیشن، هانگژو هیکڤیژن و ژیجیانگ داهوای چینی مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
جێسیکا رۆزەنوۆرسێل هەروەها رایگەیاندووە، ئەمریکییەکان لە زۆربەی بابەتەکانی کار، خوێندن و چاودێریی تەندروستی پشت بە ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان دەبەستن و پێویستە ئامێرێکی پەیوەندیی وایان بۆ دابین بکرێ، کە هەڕەشە لەسەر ئەمریکا دروست نەکات.
ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە درێژەدانە بە گوشارەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ( 2017 - 2021)، کە بەردەوام دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ کۆمپانیا چینییەکان بە تایبەت هواوی، دەردەبڕی.
کۆمپانیای هواوی کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆژیی چینییە و چەندین ئامێری تەکنۆلۆژی بەتایبەت مۆبایل، دروست دەکات.
باسنيوز
