هاوپەیمانان لە 24 کاژێردا 28 جار بۆردوومانی داعشیان کردووە

هاوپەیمانان لە 24 کاژێردا 28 جار بۆردوومانی داعشیان کردووە
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 24 کاژێرە بە چڕی بۆردوومانی بنکەکانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەکەن و بەرپرسی میحوەری گوێڕ - مەخمووری پێشمەرگەش دەڵێت "10 بنکەی داعش بەتەواوی خاپوورکراون".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئادار، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ - مەخمووری پێشمەرگە راگەیاند، 24 کاژێرە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە بەردەوامی بۆردوومانی بنکەکانی داعش لە سنووری بەرزاییەکانی قەرەچووخ دەکەن و تاوەکو ئێستا 10 بنکەیان خاپوورکراون، کە هەندێکیان توونێل بوون.

بەرپرسی میحوەری گوێڕ - مەخمووری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد "بۆردوومانەکە بە هاوئاهەنگیی پێشـمەرگە و هێزە عێراقییەکان بووە و لەو ماوەیەدا 28 جار لە داعش دراوە، بەڵام زیانە گیانییەکانیان نەزانراوە".

سیروان بارزانی باسی لەوەش کرد، بۆردوومانەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەوکاتەی دڵنیادەبنەوە لەوەی کە هیچ بنکە و سەنگەرێکی داعش لەو سنوورە نەماوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە شەوی 10-03-2021 تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-03-2021 فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە چڕی چەکدارانی داعشیان لە سنووری قەزای مەخموور لە چیای قەرەچووخ بۆردوومانکرد. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی زنجیرە چیای قەرەچووخ بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگە بووە.

هەر ئەمڕۆ 11-03-2021 عەمید یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چوار ئەندامی شانەیەکی داعشیان لە ناوچە جیاجیاکانی کەرکووک دەستگیرکردووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری و دروستکردنی تیمێک بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەندامانەی داعش.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و داعش بەردەوامە لە هێرش و پەلامار و دانانەوەی بۆسەکانی.

rudaw -
Top