لە هەولێر شۆفێرێک بە 'سەرخۆشی' سێ کەس برینداردەکات و هەوڵی راکردن دەدات
فازڵ حاجی حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 07:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر روویدا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان برینداربوون.
لەبارەی چۆنێتیی رووداوەکەشەوە گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند "شۆفێری سەرپێچیکار کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (بی ئێم دەبلیو)ی پێبووە، بە خێراییەکی زۆرەوە لە لووپی سەرکەوتن داخیلی شەقام بووە و لەگەڵ داخیلبوونی شەقامی خێرا رەچاوی پێشینەی هاتووچۆی نەکردووە و یەکسەر هاتووەتە ناو شەقام لە رێڕەوەی لای چەپ، لەوکاتەشدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سێنترا - تایبەت لە هێڵی خێرای خۆی دەڕۆیشت و بی ئێمەکە خۆی پێدا کێشا و بووە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی هەردووکیان".
فازڵ حاجی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی رووداوەکە سێ کەس کە ئەندامانی یەک خێزان بوون و شوفێر و سەرنشینی نیسانەکە بوون، زامداربوون و زیانێکی زۆری ماددیش کەوتەوە.
بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، دوای رووداوەکە شوفێری سەرپێچیکار هەوڵی راکردنی داوە و مەودای 100 مەتر دوورکەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی لێبوونەوەی تایەیەکی ئۆتۆمبێلەکەی نەیتوانیوە زیاتر بڕوات و دواتر دەرکەوتووە کە "سەرخۆش بووە" و بەجۆرێک مەست بووە کە وایزانیوە خۆی لە ستوونی کارەبا داوە.
rudaw -
