هۆکاری خۆدزینەوەی کۆمپانیاکان لە باج چییە؟
لە دوو مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا لە سلێمانى تەنیا 80 کۆمپانیا مامەڵەى دامەزراندنیان کردووە، لە بەرامبەردا نیوەى ئەو ژمارەیە کە 40 کۆمپانیایە، کارەکانى خۆیان راگرتووە و وازیان هێناوە.
بە گوتەى بەڕێوەبەرى تۆمارى کۆمپانیاکانى سلێمانی، هۆکارى سەرەکیى خۆدزینەوە لە باج، فێڵکردن لە باج و هەڵوەشانەوەى کۆمپانیاکان، شێوازى بێ سەروبەرى و نادروست وەرگرتنى باجە لە کۆمپانیاکان.
سۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەرى تۆمارى کۆمپانیاکانى سلێمانى دەڵێت "باج سامانى نەتەوەییە، دەبێت بە زانستى وەربگیرێت نەک بە هەڕەمەکی، دەبێت سامانى تاکەکان و کۆمپانیاکان ئاشکرا بکەیت، پاشان لێیان ببڕیت".
لە هەرێمى کوردستان 400 کۆمپانیا وەکو گەورە باجدەر تۆمارکراون کە سەرمایەکەیان بە ملیارە، راپۆرتەکانى لیژنەى دارایى پەرلەمانى کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرترینى ئەوانەى خۆیان لە باج دەدزنەوە، لەنێو لیستى ئەو 400 کۆمپانیایانەدان".
عەلى حەمەساڵح، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ئاماژەی بەوە دەکات "ئەوانەى گەورە و سەرمایەدارن باج نادەن و بچووکەکان باج دەدەن، ئێستا ئیش لاى کۆمپانیاکانى نەوت، مۆبایل، گەیاندن، وەبەرهێنان، جگەرە و کهولە، کە باج نادەن".
دەستپێکى ئەمساڵ، ئەنجوومەنى وەزیرانى کوردستان، دوو مانگى دیاریکرد بۆ رێکخستنەوەى سیستەمى باج لە کوردستان، هەموو ئەمانەش بۆ پڕکردنەوەى 400 ملیار دینارى کورتهێنانى بودجەی مانگانەى هەرێمى کوردستانە.
کەمال تەیب، بەڕێوەبەرى گشتیى باج لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند "ئەوەى دەستمان پێکردووە و لەسەرى بەردەوام دەبین، لە کۆمپانیاکانى نەوت هەتاوەکو کەرتى تەندروستى، گەشتوگوزار، گواستنەوە، مۆبایل و هی دیکەش دەگرێتەوە و دەبێت لەگەڵمان شەفاف بن".
بەپێى ئامارى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان داهاتى ساڵى 2020ى باج 588 ملیار و 809 ملیۆن دینار بووە، بەمشێوەیە:
هەولێر 51%
297 ملیار و 949 ملیۆن دینار
سلێمانى 26%
152 ملیار و 92 ملیۆن دینار
دهۆک 24%
138 ملیار و 809 ملیۆن دینار
لە هەرێمى کوردستان 5 جۆر باج وەردەگیرێن، بەمشێوەیە:
باجى زەوى و زار
باجى خانووبەرە
باجى دەرامەت
باجى لێبڕین
باجى فرۆشتن
بەپێى ئامارى وەزارەتى دارایی کوردستان لە ماوەى 5 ساڵى رابردوودا، داهاتى باج سێ هێندە زیادىکردووە کە جیاوازیی داهات بە ملیار دینار لە ساڵی 2015 بۆ 2019 بەمشێوەیە:
ساڵی 2015 (190 ملیار و 166 ملیۆن دینار)
ساڵی 2016 (179 ملیار و 14 ملیۆن دینار)
ساڵی 2017 (206 ملیار و 698 ملیۆن دینار)
ساڵی 2018 (308 ملیار و 536 ملیۆن دینار)
ساڵی 2019 (627 ملیار و 424 ملیۆن دینار)
بەپێى بەدواداچوونەکان ، بەشى زۆرى شێوازى خۆدزینەوەى کۆمپانیاکان لە باج بە دوو رێگە دەکرێت، یان قازانجى ساڵانەیان بە دروستى بە حکومەت ناڵێن تاوەکو باجى لێوەربگیرێت، یاخود گرێبەستى کارکردن و پرۆژەکانیان بە جۆرێک دەنووسن کە کەمترین پارەى لەسەر نووسرابێت
rudaw -
