وەزیری تەندروستی: مانگێك لەمەوبەر رۆژانە 64 تووشبووی كۆرۆنا هەبوو ئێستا بووەتە 361 تووشبوو
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگهیاند: "لە ماوەی مانگێکدا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا رۆژانە لە 64 تووشبووی تازە بەرزبووەتەوە بۆ 361 تووشبوو، هەروەها ڕێژەی حاڵەتە پۆزەتیڤەکان لە پشکنیەنەکان لەرێژەی 1،9٪ بووە بە 4،7٪".
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تەنها لە ماوەی 11 رۆژی رابردووی ئەو مانگەدا 2 هەزار و 746 تووشبووی تازەی كۆڕۆنا تۆماركراون، لەگەڵ 32 حاڵەتی گیانلەدەستدان.
وەزیری تەندروستی ئامار و داتاكانی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر بگەینە كۆتایی مانگ ئەوە ئامارەكە زۆر زیاتر دەبێت".
سامان بەرزنجی، چەند رێنماییەك دەداتە هاووڵاتیان بە گشتی و دەڵێت: ":تێکەڵ نەبوون و لێک دوورکەوتنەوە، دانانی ماسک لەکاتی هاتوچۆ، چوون بۆپشکنینی کۆڕۆنا، بەکارهێنانی ئەو چارەسەریانەی پزیشک بۆی دادەنێت، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هەر بابەتێکی ناپزیشکی".
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەگەر خەڵك خۆپارێزی كەسی نەكەن ئەوە ئامارەكان زیاتر هەڵدەكشێن و گوتیشی: "ترسناكی و ئەگەری زۆربوون هەیە هاوشێوەی وڵاتانی دیكە، بۆیە دەبێت هەموولایەك خۆپارێزی بكەن و ئاگاداربن دۆخەكە خراپتر نەبێت".
باسنیوز
