زیاتر لە ٨٥٪ی ئافرەتانی ناو پەکەکە بە منداڵی ڕفێندراون
پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە سەرەتاکانی دامەزراندی ژمارەیەک ئافرەت لەنێو ڕێکخستنەکانیدا هەبووە، بەڵام دواتر دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و لادانی پەکەکە لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان، رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئافرەتان لە ڕیزی پەکەکە بەرەو کەمبوونەوە ڕۆیشتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش پەکەکە لە ئاستی باڵا بڕیاری ڕفاندن و هەڵخەڵەتاندنی کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵی داوە، بۆ ئەوەش چەندین رێکخراو دامەزراوەی تایبەتی دروست کردوە، کە بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان زیاتر لە 85٪ی ئەو کچ و ژن و ئافرەتانەی لەناو پەکەکەدان، لە تەمەنی خوار 18 ساڵیدا ڕفێندراون، یان هەڵخەڵەتێندراون.
لەمبارەوە، ئاوات مستەفا، شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: "لەناو پەكەكە ڕاستە ژمارەیەكی زۆر ئافرەت هەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان زۆرینەیان لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵیدا براون و ئەوەی پەکەکە کردوویەتی، پێشێلکاریی مافی مرۆڤە و دژی بەهاو پرەنسیپە ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە، جگە لەمەش مادام ئەوان وەکوو جەنگاوەر لە چوارچێوەی هێز و دیسپلینی سەربازیدا بەکار دێن، ئەمە نەتەنیا ئازادیی جێندەر نییە کە بە ئافرەت درابێت، هەروەک پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکوو دەستدرێژیی جێندەریشە کە کراوەتە سەریان".
ئەو چاودێرەی سیاستی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش دا: "هەرچەندە PKK و هێز و گرووپەکانی سەر بە ئەوان، پەیماننامەی بەکارنەهێنانی منداڵیان لە ململانێی سەربازی لەگەڵ چەندین رێکخراوی حکوومی و ناحکوومی سەر بە ئاژانسەکانی مافی مرۆڤ واژۆ کردووە، بەڵام هەتا ئێستا PKK و چەندین رێکخراوی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین و چەند رێکخراوێکی تر کە هەتا ئێستا لەژێر چاودێریی تۆری پاراستنی منداڵانی جیهاندان، لە رەفتارەکانیان لەدژی منداڵان بەردەوامن".
ئاوات مستەفا گوتیشی: "PKK جگە لە لەناو رێکخراوە چەپڕەوەکان نەبێت و ئەوانەی وەکوو ئەو بیر دەکەنەوە، ئەگینا لە هيچ لایەکیتر وەکوو بانگەشەکاری پارێزگاری لە مافی ئافرەت، یان پاڵپشتی بۆ بزووتنەوەی فێمینیستی ناناسرێت، بە پێچەوانەوە وەکوو رێکخراوێکی دژ بە مافەکانی ژنان سەیر دەکرێت".
باسنیوز
