خامنەیی هۆکاری دەستوەردان لە کاروباری عێراق و سووریا ئاشکرا دەکات

خامنەیی هۆکاری دەستوەردان لە کاروباری عێراق و سووریا ئاشکرا دەکات
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەستوەردانی وڵاتەکەی لە کاروباری ناوخۆیی سووریا و عێراق، ئاشکرا دەکات.

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە ریوڕەسمێکی ئایینیدا، رایگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا ”بەخێرایی“ لە عێراق و سووریا بکشێتەوە.

عەلی خامنەیی هەروەها رایگەیاندووە، بوونی سەربازیی ئێران لە عێراق و سووریا تەنیا بۆ ”راوێژکارییە بەو دوو وڵاتە و دەستوەردانی سەربازی نییە“.

رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی لەسەر داوای عێراق و سووریا بڕیاری دەستوەردانی لەو وڵاتانە، داوە.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، حزب و میلیشیا شیعییەکانی عێراق دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت و چاودێرانیش پێیان وایە بەشێک لەو حزب و میلیشیایانە، بۆ بەرژەوەندیی ئێران کار دەکەن.

هەروەها ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێکردووە، بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.













باسنيوز

Top