یه‌كێتی ئافره‌تانی كورستان ھه‌فته بازاڕی به‌رھه‌می ده‌ستی ئافره‌تانی كرده‌وه
مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، به بۆنه‌ی 8 ی مارس رۆژی جیهانی ئافره‌تان به ئامانجی بره‌ودان و خستنه‌گه‌ڕی هێزی كاری ئافره‌تان، هه‌فته بازاڕی ئافره‌تانی كرده‌وه، كه تیایدا به‌رهه‌مه جۆراوجۆره‌كانی كاری ده‌ستی خانمان خرانه‌ڕوو.
به ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھه‌ولێر، ئه‌ڤین ھروری ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی ده‌سته‌ی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان و ئه‌حمه‌د كانی به‌رپرسی لقی دووی پارتی و د.خانزاد ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و ئیدریس ڕه‌فعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك وژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كێتی ئافره‌تانی كورستان ھه‌فته بازاڕی به‌رھه‌می ده‌ستی ئافره‌تانی كرده‌وه.
له درێژه‌ی چالاكی و پرۆژه‌كانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كورستان، بۆ تواناسازی ئافره‌تان و ناساندنی به‌رھه‌می ده‌ست و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی به‌بازاڕكردن بۆ تێكه‌ڵبوون به كۆمه‌ڵگه و ده‌سكه‌وتنی سه‌رچاوه‌ی داھات، ھاوكات له پێناو بره‌ودان و زیندووڕاگرتنی كه‌ره‌سته‌كانی فه‌رھه‌نگی و كولتووری به‌رھه‌می ده‌ستڕه‌نگینی و سه‌لیقه جوانی ئافره‌تانی كورستان، یه‌كێتی ئافره‌تانی كورستان ھه‌فته بازاڕی به‌رھه‌می ده‌ستی ئافره‌تانی كورستانی له پاركی شانه‌ده‌ری ھه‌ولێری پایته‌ختی كورستان كرده‌وه.
ئه‌م بازاڕه به شێوه‌یه‌كی به‌ردوام ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ی ھه‌ر ھه‌فته‌یه‌ك كراوه ده‌بێت و له‌وێدا ده‌رفه‌ت بۆ گشت ئافره‌تان ھه‌یه، كه به‌رھه‌مه‌كانی ده‌ستی خۆیان بناسێنن و نیشان بده‌ن، له یه‌كه‌م ڕۆژی پرۆژه‌كه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له خانمانی ده‌ستڕه‌نگین به‌رھه‌مه‌كانیان نمایش كرد.
