ئەمڕۆ ٣٠یەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری هەولێرە
بەپێی زانیارییەکانی تایبەت بە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز لە ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٩١دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی "شۆڕش" و "مەلایان" و "برایەتیی سەرەوە" دەستیان بە دروشمدان و کۆبوونەوە کرد و هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی ڕژێم و لە کاتژمێر ٩ی بەیانیدا سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکان و بەکۆمەڵ هێرشیان کردە سەر سەرجەم بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس.
هێرشی پڕ لە ڕقی جەماوەری راپەڕیوی هەولێر بۆ سەر ڕژێمی بەعس و نەخاسمە بۆ سەر دائیرەی "ئەمن و جەیشی شەعبی" و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد بوو کە تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە لەلایەن پێشمەرگە و جەماوەرەوە کۆنتڕۆڵ کران، تەنھا لە دایەرەی ئەمن و مەنزوومەی شیمالی بەرگرییەکی سەختیان کرد، بۆیە هێزە ئەمنیەکانی ڕژێمی بەعس زۆریان لێ کوژرا و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران، لەلایەن جەماوەرەوە گوللەباران کران.
ھاوکات ھەمان ڕۆژ ڕاپەڕین لە سەرجەم ئۆردووگا و ناوچە و ناحیە و قەزاکانی دەوربەری ھەولێریش سەری هەڵدابوو، بۆ وێنە لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵەوە پێدا ھاتن و ھەموو بەزراییەکانیان لە سوپا و بنکەکانی رژێم پاک کردەوە تا دەگاتە کەسنەزان، بۆیە دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم لە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لە دارەتووش بەنیو کاتژێر ناوەندی پۆلیس گیرا، بەڵام لەوێ شەھید درا و ڕژێمیش کوژراوی زۆری ھەبوو.
ئۆردووگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ھاوکات ئۆردوگاکانی جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ و بە خوێنی چەند ھاووڵاتییەک ئازاد کران و زۆرێک لە هێزەکانی ڕژێمی بەعسیش کوژران و لە ھەمانکاتدا لە ئوردووگای خەبات ھەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەڵەک و ھەر زوو کۆنترۆڵی کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر لە ئاسەوارەکانی ڕژێم پاک کرانەوە.
لەلایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا. بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قرژالە و ڕێگەی گوێڕ و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی گەل کرد و بەدەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و کە شۆڕ بوونەوە و بەرەو مووسڵ و کەرکوک دەچوون، بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن، بەڵکوو لەلایەن خەڵکەوە نانیان پێ دەدرا.
خەجە باوە، سیمبۆلی ڕاپەڕینی باشووری کوردستانە
یەکێک لە خاڵە بەرجەستەکانی ڕاپەڕینی شاری هەولێر، بوێری و قارەمانێتیی شەهید (خەجە باوە) کە بە هەڵمەتێ بوێرانە و ورەبەخشین بە جەماوەری هەولێر و دواتر بە شەهیدبوونی بووە هۆی خرۆشانی جەماوەر و ئێستا یەکێک لە سیمبۆلەکانی سەرجەم ڕاپەڕینی باشووری کوردستانە.
شەهید خــەدیجە ئەحمەد بـــاوە، ناسراو بە (خەجە باوە) لەدایکبووی ۱۹٤٥ لە گوندی مەلاقەرەی سەر بە ناحیەی دیبەگەیە هاتووەتە دنیاو و لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا باوک و چەندین کەس و ئامۆزایەکی شەهید بوون.
خەجە باوەی قارەمان و بوێر کە ئازایەتی و ورەبەرزیی لە باوک و کەسوکارە شۆڕشگێڕەکەیەوە وەرگرتبوو، لە ڕۆژی ١١ی ئازاردا بووە پێشەنگی جەماوەری ڕاپەڕیوی هەولێر و بە دانی دروشم جەماوەری لەدژی ڕژێم هان دا.
شوێنی شەهیدبوونی خەجە باوە، نزیک دائیرەی ئەمنی پێشووە کە ئێستا بووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، پێش شەهیدبوونی هەر لەم ڕۆژەدا بریندار بووە کە شوێنەکەی شەقامی ٦۰مەتری نزیک هۆلی زەردی ئێستایە.
بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەگەر شەهید خەجە باوە نەبایە، ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون، ئەوان وایانزانی دۆشکای سەر پرسگەی دائیرەی ئەمن لەکار کەوتووە، بۆیە ویستوویانە لەگەڵ هاواری شەهید خەجەباوە هەڵبکوتنە سەر ئەو شوێنە، شەهید خەجە باوە، تەنیا هێمای ڕاپەڕینی ئازادکردنی هەولێر نییە، بگرە هی تەواوی کوردستانە.
باسنيوز
