هەفتەی داهاتوو نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری رادەگەیێندرێت

هەفتەی داهاتوو نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری رادەگەیێندرێت
شارەوانیی هەولێر بڕیاریدا لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری بە ژمارەوە رابگەیێنێت و بیاندات بە خاوەنەکانیان.

سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر راگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، نەخشەی نوێی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری بە ژمارەوە رادەگەیێندرێن و دەدرێنە خاوەنەکانیان، گوتیشی "ئێستا کار لەسەر دانانی ژمارەکانیان دەکرێت".

بە گوتەی سیامەند کەریم "دوای راگەیاندنی ژمارەکان، دەستبەجێ دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی تاپۆکردنیشیان دەکرێت".

پرۆژەی گوندی كۆری لە 5304 خانوو پێكدێت و حەوت ساڵ لەمەوبەر دەست بە دروستكردنیان كراوە، بەڵام تەنیا 1214 خانوویان تەواوبوون و وەریانگرتووە، ئەوانی دیکەش قەرەبوو دەکرێنەوە.

زەوییەکان ژمارەیان 4200 پارچەی 200 مەترین و دراونەتە ئەو هاوبەشانەی کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بۆ کڕینی خانوو لە گوندی کۆری حەوت هەزار دۆلاریان دابوو.

دوای ئەوەی زۆربەی هاوبەشەکان خانوویان پێنەدرا، لە قۆناخی یەکەمدا پارەکەیان بۆ گەڕێندرایەوە و ئێستاش پارچە زەوییەکی 200 مەترییان لەنزیک هەولێر پێدراوە.
rudaw -
Top