ئەمڕۆ ٣٠یەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی دەڤەری سۆرانە
ئەمڕۆ ١٠ی٣ و لە درێژەی ڕۆژانی ڕاپەڕینی پڕشکۆی جەماوەری باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، خەڵکی دەڤەری سۆران و دەوروبەری لەدژی دامودەزگا سەپێندراوەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس ڕاپەڕین و هەموو ناوچەکەیان لە ئاسەواری سوپای بەعس پاک کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان هاوکات لەگەڵ شاری سۆران، خەڵکی ناوچەکانی ھەریر و باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، ڕەواند، مێرگەسۆر و مەسیف، هەروەها خەڵکی ناوچەکانی تەقتەق و قەرەھەنجیر و ئاغجەلەریش لەدژی حکوومەتی بەعس هەستانەوە و ڕاپەرێن لەوێش سەرکەوت.
لە ١٠ی ئاداری ١٩٩١، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندز، قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر، ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لە چەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن، بە جۆرێک کە کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ گیرا و پاشان مەسیف ئازاد کرا و کاتژمێر١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆلی بیا و و بێخمە ئازاد کران.
لە سنووری شاری کۆیەش کە ڕۆژی پێشتر ئازاد کرابوو، جەماوەری ڕاپەڕیو و پێشمەرگە بەرەو تەق تەق پێشڕەوییان کرد و خەڵکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا ڕاپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەو رۆژەش ئۆردوگای بەستۆرەش ئازاد کراوە، کە بەدەیان کەس لەو ناوچانە لە پیاوانی ڕژێمی بەعس کوژراون و چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقلاوە ٣ پێشمەرگە شەهید بوون.
هاوکات وەیسی سەعید وەیسی پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ١٠ی ٣ی و ڕاپەڕینی خەڵکی دەڤەری سۆران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویە: "سی ساڵ بەرلە ئەمڕۆ و لە 10ی ئاداری 1991 خەڵكی تێكۆشەری دەڤەری سۆران بە گوڕوتینەوە دژ بە زوڵم و زۆریی رژێمی بەعسی فاشیست راپەڕین و دامودەزگاکانی بەعس کەوتە بەر رق و تۆڵەی هاونیشتمانیان و تێکوپێک دران و بە خوێنی گەشی ھەر یەك لە شەھیدان (باقی عەبدولڕحمان شیروانی، تاھیر عدبدوڵا و مووسا پیروسوەیی و شاكر ئەحمەد خان باڵەكی) ڕاپەڕین سەرکەوت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ڕاپەڕینی خەڵكی دەڤەرەكە گوڕوتینێکی زیاتری بە بەرەی گەل لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان دا، هەر بۆیە چەخماخەی ڕاپەڕین بڵێسەی سەند و بە ماوەیەکی کورت هاونیشتمانیان بەتەواوی چین و توێژەکانەوە دژی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعس راپەڕين و خاکی کوردستانیان لە داگیرکەران پاک کردەوە".
باسنيوز
