وەزارەتى کارەبا: لە نزیکترین کاتدا پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی کارەبا دەدرێتە کەرتى تایبەت

وەزارەتى کارەبا: لە نزیکترین کاتدا پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی کارەبا دەدرێتە کەرتى تایبەت
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە مەبەستى گەیاندنى زۆرترین خزمەتگوزارى بە هاوبەشانى کارەبا و کەمکردنەوەى خەرجییەکانى حکوومەت، لە نزیکترین کاتدا ئه‌ركی دابه‌شكردنی کارەبا دەدرێتە کەرتى تایبەت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10/3/2021، ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند: "پڕۆسەى پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت لە قۆناغى کۆتاییدایە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە، چەندان کۆمپانیا لەسەر وەرگرتنى پڕۆژەکە پێشبڕکێ دەکەن، ئامانجى پڕۆژەکە گەیاندنى زۆرترین خزمەتگوزارییە بە هاوبەشانى کارەبا لەلایەک و کەمکردنەوەى خەرجییەکانى حکوومەته‌ لەلایەکى دیکەوە".

راشیگەیاند، كه‌ پڕۆسەى بەرهەمهێنانى کارەبا کە ئێستا زیاتر 85% ى لەلایەن کەرتى تایبەتەوە بەڕێوە دەچێ، بە شێوەیکى زۆر باش بەڕێوە دەچێ، بۆیە وەزارەت لە هەوڵدایە پڕۆسەى دابەشکردنى کارەباش بدرێتە کەرتى تایبەت و بە سیستەم بکرێت".

ناوبراو رەتیشى کردەوە، پڕۆسەى پێدانى کەرتى کارەبا بە کەرتى تایبەت کاریگەرى بکاتە سەر بەرزبوونەوەى نرخى کارەبا و نرخەکەى بەرزبێتەوە، چونکە ئەو کەرتە لەلایەن حکوومەتەوە سەرپەرشتى دەکرێت و کەرتى تایبەت تەنیا کارى بەرهەمهێنان و دابەشکردنى دەگرنە ئەستۆ".






باسنيوز
Top