ژنێک لەڕێگەی سۆندەوە خواردن دەخوات و پێویستی بە هاوکارییە
ئەو ژنە پێویستی بە نەشتەرگەییە، کە تەنیا دوو هەزار دۆلاری دەوێت، بەڵام توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نییە، خاتوون تەنیا چاوی لەوەیە ئەو تەمەنەی ماویەتی وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بژی.
دایک و کچەکە خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانن، ماوەی 10 ساڵە لە هەولێر دەژین، پێشتر لەیلا بۆ بژێویی ژیانی رۆژانەیان و دابینکردنی کرێی خانوو کاری دەکرد، بەڵام لەوەتەی دایکی کەوتووەتە سەر جێگە کارەکەی لەدەستداوە و خزمەتی دایکی دەکات، ئێستا هیچ داهاتێکی مانگانەیان نییە و چاویان لە رەحمی خودا و دەستی خێرخوازانە، مانگانەش 150 هەزار دینار بە کرێی خانوو دەدەن.
ژیانی خاتوون و لەیلای کچی هێندە سەخت دەردەکەوێت کە کەم کەس هەیە بەرگەی بگرێت.
لەیلا چەندجارێک دایکی بۆ چارەسەر بردووەتە نەخۆشخانە حکومییەکان، بەجۆریک کە بە سەرما و گەرما، بە پیادە و بە عەرەبانە بۆ ماوەی نیو کاژێر چوون و نیو کاژێر هاتنەوە دایکی بۆ چارەسەری بردووەتە نەخۆشخانەی رزگاری، چونکە تەنانەت پارەی کرێی تاکسیشیان پێنەبووە.
خاتوون نەسروڵڵا لە نەخۆشخانە حکومییەکان چاودێری کراوە و چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام پزیشکە تایبەتەکەی دەڵێت، بۆ نەشتەرگەرییەکەی پێویستی بە تۆڕ و بۆریی کانزایی خواردنە و ئەویش دەبێت بۆی بکڕدرێت و لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان دەستدەکەوێت.
ئەم ژنە بەهۆی ئەوەی هەڵگری ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقی نییە، نەیتوانیوە سوودمەندبێت لە داهاتی سندووقی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.
rudaw -
