بەهۆی مانگرتنی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە، لە سلێمانی زبڵێکی زۆر لەنێو شار کۆبووەوە
لە کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە لە سلێمانی، هەرسێ کۆمپانیاکانی پاککەرەوە (شکار، خالید شینکی و هەرێم) مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند، ئەوەش بەهۆی دابین نەکردنی بودجەی کۆمپانیاکانی پاککردنەوە و زیادکردنی باج لەسەریان لەلایەن وەزارەتی دارایی و شارەوانییەوە.
دانا عیسا، گوتەبێژی کۆمپانیای هەرێم راگەیاند "یەکێک لە کێشەکانی ئێمە ئەوەیە کە حکومەت ماوەی سێ مانگە شایستە داراییەکانی بۆمان دابین نەکردووە و خاوەنی کۆمپانیا لەسەر گیرفانی خۆی پارەی مانگێکی داوە و پێویستییەکانی بەردەوامبوونی کاری بۆ ئەو دوو مانگەی دیکەش دابینکردووە، بەڵام ئەمە بارێکی قورسە لەسەرمان و ناتوانین بەردەوام بین، ئێستاش حکومەت داوای کردووە بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانمان پارە بدەینە حکومەت وەکو خیتاب زەمان، کە تەنها بۆ ئۆتۆمبێلەکانی نێو سەنتەری شار دەبێت بڕی دوو ملیار دینار بدەین".
یەکێک لە کۆمپانیاکان 300 کرێکاری پاککردنەوەی هەیە، کرێکارەکان بەهۆی بێکارییەوە لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە چوونەتە سلێمانی، دوو مانگ زیاترە مووچەیان لە کۆمپانیا وەرنەگرتووە.
سەدام تەها، کارمەندی پاکەوانیی یەکێک لە کۆمپانیاکانە و دەڵێت "کەوتوینەتە دۆخێکی ناخۆشەوە و دوو مانگە بەبێ پارە کار دەکەین، ئێستاش بەڕێوەبەری کۆمپانیا دەڵێت کار مەکەن، ئێمە مانگانە 400 هەزار دینارمان هەیە، لەکاتێکدا ئەو پارەیە زۆر کەمە و بەشیشمان ناکات، من خۆم خێزاندارم و خەرجیی نۆ کەسی خێزانەکەم لەسەر منە".
لەلایەن شارەوانییەوە بەرامبەر بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک هەموو مانگێک بڕی پێنج بۆ 10 هەزار دینار بۆ هەر ماڵێک و 15 بۆ 100 هەزار دینار لە هەر دووکان و شوێنێکی بازرگانی وەردەگیرێت.
وەزارەتی شارەوانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە "هەموو كۆمپانیاكان دڵنیادەكەینەوە بودجەیان بۆ دابینكراوە و شایستە داراییەكانیان وەردەگرن، بەو مەرجەی تەواوی رێنماییەكانی گرێبەستە گشتییەكان جێبەجێ بکەن".
سیروان عومەر خاوەنی دووکانێکە لەنێوبازاڕی سلێمانی و باس لەوە دەکات "هەموو مانگێک نزیکەی 10 هەزار دینار دەدەین بە کرێی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک و خاوەن دووکانی دیکە هەیە زیاتر لە 25 هەزار دەدات، ئەمڕۆش کە بەردەم دووکانەکانمان پاک نەکرابووەوە خۆمان کرێکارمان هێنا و پاکمان کردەوە، چونکە مەعقوول نییە ئەم بازاڕە ئاوها بێت".
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی راگەیاند "ئەو کۆمپانیایانە کێشەیەکیان هەبووە لە تەندەرەکەیاندا کە دەبێت خیتاب زەمان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، بەڵام نەیانکردووە و ناڕازی بوون، لەکاتێکدا خۆیان پێشتر واژۆیان کردووە لەسەر ئەو بڕگەیەی گرێبەستەکە و ئێستاش خۆشبەختانە پارێزگاری سلێمانی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".
بە گوتەی وەزارەتی شارەوانی و شارەوانیی سلێمانی، کێشەکە چارەسەر بووە، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە مانگرتنی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە بەردەوام بوو.
بەپێی ئاماری شارەوانیی سلێمانی، رۆژانە تەنیا لەنێو سەنتەری شارەکە، نزیکەی 1500 تۆن پاشماوەی خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، لە ئەگەری هەر رۆژێک مانگرتنی ئەو پاککەرەوانە شارەکە لەمە خراپتری بەسەردێت.
rudaw -
