وەزارەتی شارەوانی: گرفتی كۆمپانیاكانی پاككردنەوە لە سلێمانی چارەسەر بوو
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی٣ی٢٠٢١، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا که تێیدا بڵاویکردووەتەوە، "پرۆسەی تەندەرینگی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خاشاك، بەپێی ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەكان ژمارە 2ی ساڵی 2016ی وەزارەتی پلاندانان ئامادەكراوە و لەلایەن هۆبەی یاسا و كارگێڕی و دارایی مەرجەكان دیاریكراون و هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە بەشداربوون، لەسەر ئەو مەرجانە ڕازی بوون و بۆ بەدەستهێنانی ئەو تەندەرانە كێبڕكێیان كردووە.
دەشڵێت: دوای دەرچوونی تەندەر بۆ كۆمپانیا، بۆ ئەوەی گرێبەست واژوو بكرێت، پێویستە لەسەر كۆمپانیاكان كە تەواوی بەڵگە و دۆكۆمێنتەكانیان ئامادەبكەن.
ئاماژە بەوەش دراوە، گرفتی بەشێك لە كۆمپانیاكان لەوەدایە، هەندێك لە مەرجەكانیان تێدانییە و تەندەریان پێشكەشكردووە، لە كاتێكدا هەموویان بینیویانە كە بەشێكی بڕگەكان پەیوەندییان بە ئامێرەكانەوە هەیە و لە ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەكان ژمارە 2ی ساڵی 2016ی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە و هەمووشیان ئاگاداری ئەو بەندانەن و دەبوو خۆیان زوو دەستەبەری بانكی (خیتاب زەمان)یان پێشكەشی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان بكردایە.
وەزارەتی شارەوانی جەخت دەكاتەوە، هەموو كۆمپانیاكان دڵنیادەكەینەوە كە بودجەیان بۆ دابینكراوە و شایستە داراییەكانیان وەردەگرن، بەو مەرجەی تەواوی ڕێنماییەكانی گرێبەستە گشتییەكان جێبەجێ كرابن. هەندێك لەو كۆمپانیایانە كە مەرجەكانی ئالیاتیان تێدانییە و وەك خۆی جێبەجێیان نەكردووە.
هەروەها داواش لە كۆمپانیاكان دەكات، كاتێك تەندەر پێشكەشدەكەن، دەبێت ئامادەییان تێدابێت، هەموو بەندەكانی گرێبەست جێبەجێ بكەن.
وەزارەتەكە باس لەوەش دەكات، کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بەڵێنەكانی خۆی بە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكان و بەرزكردنەوەی كوالیتی ئەو خزمەتگوزارییانە سوورە، هەر لەو پێناوەدا مەرجەكان بەرزدەكاتەوە، تاوەكوو زیاتر ڕەزامەندیی هاوڵاتییان بەدەست بهێنێت و هەر گرفتێک بێتە پێشەوە، هەموو هەوڵێک دەدات بە زووترین کات چارەی بکات.
باسنيوز
