سبهی لهسهر بنهمای ڕاپۆرتی تهندروستی بڕیاری تازه له بارهی پڕۆسهی خوێندن دهدرێ
بڕیادەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان ئاشكرای دەكات تا ئێستا رەوشی ناو قوتابخانەكان باشە و سبەی لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی كۆڕۆناش لەسەر بنەمای راپۆرتی تەندروستی بڕیاری تازە دەردەكات.
ئهمڕۆ سێشهممه 9/3/2021، گەلاوێژعوبێد سیان، بڕیادەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: "وەکوو لیژنەی پەروەردە لەگەڵ پەروەردە و قوتابخانەکان لەسەر هێڵین و بەدواداچوونی بەردەوام دەکەین، هەندێ لە قوتابخانەکان حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنایان تێدا تۆمارکراوە و هەندێکیش حاڵەتیان نییە، تا ئێستا رەوشەکە له ناوهندهكانی خوێندن بە گشتی باشە ".
سەبارەت بە مەترسیی لەسەر راگرتنی دەوامی قوتابخانەكانیش، گوتی: ئەگەر بۆ هاوکاریی تەندروستیی مامۆستایان و قوتابیان بێت و رێژەی تووشبوان بە کۆرۆنا زیاتر بەرز بێتەوە، ئەوا ئێمە لەگەڵ راگرتنی دەوامین، بەڵام گەر ئامارەکان بەم جۆرەی ئێستا بێت، ئێمە وەک لیژنەی پەروەردە لەگەڵ راگرتنی دهوامدا نین".
روونیشی كردەوە" لە کۆبوونەوەی 10ی 3 کاتێک لیژنەی باڵای رووبەروو بوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە، بە پشتبەستن بە دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندورستی لەسەر رێژەی تووشبوان لەناو قوتابخانەکان، ئەوکات ئەو راپۆرتە دەریدەخات کە بارودۆخی تەندروستی چۆنە لەناو قوتابخانەکان".
دووپاتیشی كردەوە لە رێگەی راپۆرتی تەندروستییەوە بڕیاردەدرێت بۆ بەردەوامبوونی خوێندن یان راگرتنی دەوام لەناو ناوەندەکانی خوێندن "ئەگەر رێژەکە زۆر بوو، ئێمە لەگەڵ راگرتنی دەوامدا دەبین، بەڵام گەر وەکوو ئێستا بێت ئێمە لەگەڵ درێژهدان به پرۆسهی خوێندنین لە قوتابخانەکان".
باسنیووز
