پەرلەمانتارێکی مەسیحی: پرۆژەیاسای دادگای فیدڕالی کەمەنەتەوە و ئایینەکان فەرامۆش دەکات
پەرلەمانتارێکی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق کەمەنەتەوە و ئایینەکان فەرامۆش دەکات.
خاتوو بەیدا خدر، پەرلەمانتاری مەسیحی بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، کەمەنەتەوە و ئایینەکان لە ”سادەترین ماف“دا پەراوێز خراون و لە پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕالیشدا بە هەموو کەمەنەتەوە و ئایینەکان تەنیا ئەندامێکیان بۆ دیاری کراوە، کە ئەویش مافی دەنگدانی نییە.
بەیدا خدر هەروەها رایگەیاندووە، پەرلەمانتارانی مەسیحی، سابیئە، کوردانی ئێزدی و تورکمان دەنگیان بە ماددەکانی پرۆژەیاساکە نەداوە و پەرلەمانتارانی کوردیش پشتگیریی پەرلەمانتارانی کەمەنەتەوە و ئایینەکان دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە مەسیحییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان دانانی تەنیا یەک ئەندام بۆ کەمەنەتەوە و ئایینەکان لە دادگای باڵای فیدڕالی و نەبوونی دەسەڵاتی دەنگدانی ئەو ئەندامەش بە توندی رەت دەکەنەوە.
بەیدا خدر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پرۆژەیاساکان لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کەسایەتییەکان و پێشێڵکردنی مافی پێکهاتەکانی عێراق دادەڕێژرێن.
باسنیوز
