پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك -گەرمیان
لە یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك-گەرمیان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم.
ئافرەت لە کۆمەڵگای جیھانی زۆر دەچەوسێندرایەوە، بە خەبات و تێکۆشان و فیداکاریی ئافرەتانی پێشەنگ لە زۆر شوێنی جیھان تا ڕادەیەك ڕزگاریان بووە، جگە لە جیھانی سێیەم کە تاکو ئێستا گرفتاری ئەو نەریتە کۆنەپەرستانەن کە باڵی بە سەریاندا کێشاوە، ئافرەتانی سەربەرز و سەرفرازی کوردستانیش لە سەردەمی کۆندا دیلی نەریتێکی نامۆی سەپێندراوە بوون کە داگیرکەرانی گەل و خاکی کوردستان سەپاندبوویان. ھەر بۆیە ئافرەتی کوردستانی ئەرکی زۆر قورستر بوو، لە لایەك دەبوو شان بەشانی پیاو خەبات بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاك بکات و لە لایەکی دیکەش دەبوو بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەو داب و نەریتە بە زۆر سەپێنراوە، کە بە دەربازبوونی کات بووە داب و نەریتی کۆمەڵگاکە، تێبکۆشێت.
لێرەوە سوپاس بۆ ڕێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان کە زۆر بوێرانە تێدەکۆشن و کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەتان دەکەن.
پشتیوانی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین و پشتگیریی مافەکانی ئافرەتانی جیھان و عێراق و، بەتایبەت ئافرەتانی کوردستان دەکەین، بە ئاراستەی نەھێشتنی توندوتیژی و نایەکسانی و، پابەندبوون بە یاسا.
سڵاو بۆ ئافرەتانی تێکۆشەری سەربەرزی کوردستان
سڵاو بۆ یەکێتیەکانی ئافرەتان کە لە پێناوی ڕزگارکردنی ئافرەتان کار دەکەن.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
کەرکووك-گەرمیان
٨-٣-٢٠٢١
