پێنج ئافرەتی پەنابەر لە کامپێکی دهۆک کارگەیەکی شیرینی دەکەنەوە

پێنج ئافرەتی پەنابەر لە کامپێکی دهۆک کارگەیەکی شیرینی دەکەنەوە
پێنج ئافرەتی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لە کامپی دۆمیز کارگەیەکی شیرینییان کردووەتەوە، رێکخراوێکی خێرخوازی ئامێر و کەلوپەلی بۆ دابینکردوون و رۆژانە بەپێی پێویست شیرینی و کێک دروستدەکەن. بۆ ناساندنی خۆشیان، ئاهەنگێکیان سازکرد و بە ستران و موزیک سەرنجی خەڵکیان راکێشا.

کارگەکە یەکەم شوێنی کارکردنە کە لە کامپی دۆمیز ژنان کاری تێدا دەکەن و شیرینیی دروستدەکەن و دەفرۆشن، ئەو ژنانە تەمەنیان لەنێوان 27 تاوەکو 44 ساڵدایە و منداڵیان هەیە، داهاتی رۆژانەیان بەپێی کارە و لەنێوان 15 بۆ 25 هەزار دیناردایە.

یەکێک لەو ژنانە دەڵێت "دڵمان زۆر تەنگ بوو، ئێمە لە ماڵدا بووین و کارمان نەبوو، هاوژینەکانیشمان بێکارن، کردنەوەی ئەم کارگەیە بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشی بوو، داهاتێکە بۆ ماڵ و منداڵم، لێرەش لەگەڵ زۆر خەڵک ئاشنا دەبم و فێری کاری زیاتر دەبم".

یەکێکی دیکە لەو ژنانەی کە کارگەکەیان کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد "ئێمە پاقلاوە، کێک و بسکویتی رەنگاورەنگ دروستدەکەین، تاوەکو ئێستاش کارەکەمان بە باشی بەڕێوەچووە".

ئەوان بۆ ناساندنی بەرهەمەکەیان، ئاهەنگێکی بچووکیان سازکرد، بە ستران و موزیک سەرنجی خەڵکیان راکێشا، تاوەکو خەڵک دەمیان شیرین بکەن و بەرهەمەکەیان تاقیبکەنەوە. ئەو رێکخراوەش کە ئامێر و کەلوپەلەکانی بۆ دابینکردووە شەش مانگ چاودێرییان دەکات و بازاڕ بۆ بەرهەمەکەیان پەیدا دەکات.

ڤیان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوەی هاوکاریی ئەو پێنج ژنەی کردووە لە دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلەکان دەڵێت، راهێنانیان پێکردوون لەوەی چۆن کاری خۆیان بەڕێوەببەن، لە هەوڵیشدان کە بەرهەمەکانیان ببەنە بازاڕ و ناوچەکانی پارێزگای دهۆک بۆئەوەی بیانفرۆشن.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 80 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لەنێو پێنج کامپدا نیشتەجێن.
rudaw -
Top