قایمقامی مێرگەسۆر: کۆتایی نیسان دەست بە پرۆژەی دەروازەی سنووریی زێتێ دەکرێت

قایمقامی مێرگەسۆر: کۆتایی نیسان دەست بە پرۆژەی دەروازەی سنووریی زێتێ دەکرێت
قایمقامی قەزای میرگەسۆر رایگەیاند، دەست بە پرۆژەی دەروازەی سنووریی زێتێ لەنێوان شارۆچکەی شێروان مەزن لە هەولێر و قەزای رووبارۆکی شەمزینانی جۆلەمێرگ دەکەن.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دەروازەی سنووریی زێتێ لە گوندی زێتێ دەکرێت؛ رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی هەیە، لیژنەی تایبەتی بۆ پێکهێندراوە و سەردانی شوێنەکەمان کردووە. کەشەکە لەباربێت لە کۆتایی مانگی نیسان دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکەین".

بڕیارە لە سەنتەری شارۆچکەی شێروان مەزن تاوەکو سەر سنوور 13 كیلۆمەتر رێگەکە قیرتاو بکرێت، قایمقامی مێرگەسۆر باسی لەوە کرد "رەزامەندی دراوە بۆ دروستكردنی کۆمەڵگە و قیرتاوكردنی رێگەکەی، دیزاین بۆ ناوچەکە کراوە. لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكرێت، دواکەوتنی کارەکان بەهۆی کەشوهەواوە بووە و تیمەکان چاوەڕوانی گونجاویی کاتن تاوەکو دەستبەکاربن".

غەفوور ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، دەروازەکە گەشتیاری و بازرگانی دەبێت، "هەربۆیە سوودی ئابووریی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت. گەشتیار لەوێوە هاتووچۆ دەکەن و بازرگانی لەڕێگەیەوە دەکرێت، ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە بووژانەوەیەکی باش بە ناوچەکە دەبەخشێت".

هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکات، بە کردنەوەی ئەو دەروازەیە هاونیشتمانیان راستەوخۆ دەتوانن لەڕێگەی دەروازەی سنووریی زێتێ لە سنووری هەولێر هاتن و چوون بۆ باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامبدەن.
rudaw -
Top