لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی حکومەت بازاڕی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل و بێ سەرەتا دەجوڵێنێت
ئەوەی بازاڕی گەرم بووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە پێیان دەگوترێت خوار مۆدێل و بێ ژمارەن. لە بەشێک لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێلانە 1500 بۆ 4000 دۆلار بەرزبوونەتەوە.
شڤان رەشید، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە سلێمانی و دەڵێت "بڕیارەکە 80% کاریگەریی لەسەر بازاڕ هەبووە، چونکە ئێستا خەڵک روودەکاتەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە و پێیانوایە ژمارەیان پێدەدرێت، لەکاتێکدا ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و خوار مۆدێلانە لە هەمان مۆدێلی جۆری خۆیان دوو جار هەرزانترن، بە نموونە تاهۆیەکی مۆدێل 2016 لەم خوار مۆدێلانە بە 35 هەزار دۆلارە، لەکاتێکدا هەمان جۆر بەڵام سەرەتادار و ژمارەدار، بە زیاتر لە 75 هەزار دۆلارە".
دیاری رەئوف، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل گوت "ئێمە هەندێک ئۆتۆمبێلمان هەیە خوار مۆدێلن، لەدوای ئەو بڕیارەوە 1500 بۆ 4000 دۆلار چووەتە سەری و گران بووە، خەڵک چاوەڕێ دەکات ژمارەیان پێبدرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆوە، چونکە ناکرێت ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بێ ژمارە و بێ ناسنامەبن".
ئەو فۆڕمەی کە هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، جگە لە ناساندنی ئۆتۆمبێل، جۆر، رەنگ و خاوەن، هیچ دڵنیاییەکی تێدا نییە بۆ پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانە، بەڵام بووەتە ئومێدێک تاوەکو هەندێک کەس هانبدات بۆ کڕینیان.
هێمن عوسمان، کڕیاری ئۆتۆمبێلە و کاری کڕین و فرۆشتن دەکات، دەڵێت "متمانەم بە فۆڕمەکە نییە، بەڵام زۆریش حەزدەکەم بیکڕم، چونکە قازانج زۆر دەکرێت ئەگەر ژمارە بکرێن، بەڵام ناوێرم خۆم لە قەرەیان بدەم، چونکە ئەگەر ژمارە نەکرێت ناتوانم موجازەفە بە ژیانی خۆم و سەروەتەکەمەوە بکەم".
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان، گومانی لە بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێم هەیە و بە گوشارێکی دەبینێت بۆسەر حکومەت بۆ ساخکردنەوەی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلەی بە قاچاخ و بە شێوەی نایاسایی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
دابان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان راگەیاند "ئەو بڕیارە لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسەوە پشتگیری دەکرێت و هەر ئەوانیش فشاریان خستووەتە سەر حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو بڕیار بدرێت ژمارەیان پێبدرێت و ئەوانیش لەپاڵیدا بە ملیۆنان دۆلار قازانج بکەن".
هاتووچۆی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە بڕیارەکە بۆ ئەوە بێت ئەو ئۆتۆمبێلانە ژمارە بکرێن، عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان راگەیاند "بڕیارەکە تەنیا بۆ سەرژمێریی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە لە کوردستان تۆمارنەکراون و مۆدێلەکانی 2019، 2020 و 2021 ناگرێتەوە، هەروەها پرۆسەکە لە 7ی ئادار دەستپێدەکات تاوەکو 25ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت و ئەوەش دەبێت بزانرێت کە بڕیارەکە بۆ تابلۆکردنی ئۆتۆمبێلەکان نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراوە".
بڕیارەکە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەیە مۆدێلیان لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2018یە، تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە لەبارەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ تابلۆ و بێ سەرەتان لە هەرێمی کوردستان.
rudaw -
