بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار 'هۆشداری' لە شەپۆلێکی کۆچ بەرەو هەرێمی کوردستان دەدرێت

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار 'هۆشداری' لە شەپۆلێکی کۆچ بەرەو هەرێمی کوردستان دەدرێت
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر رایگەیاند، لە هەولێر ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە دابەزینی بەردەوامدایە و دەشڵێت، لە 10 ساڵی داهاتوودا نەمانی ئاوی سازگار لە شوێنەکانی دیکەی عێراق شەپۆلێکی کۆچ بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکات.

نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەردەوام لە دابەزیندایە؛ لە 20 ساڵی رابردوودا تەنیا ساڵێک رێژەی پێویست باران لە سنووری هەولێر باری".

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد "لە شاری هەولێر پێویستە 600 ملیمەتر باران ببارێت، بەڵام 20 ساڵە بەو جۆرە نەبووە، جگە لە یەک ساڵ کە 700 ملیمەتر باران باری، کە کۆتایی ساڵی 2017 و سەرەتای ساڵی 2018 بوو. ئەو بارانبارینەی ئەمساڵ زۆر کەمترە لەو رێژەیەی کە پێوەرە"، ئەوەشی خستەڕوو، "ساڵانە پێویستە لانیکەم 400 ملیمەتر باران ببارێت بۆئەوەی کێشەی کەمئاوی دروستنەبێت، بەڵام ئەگەر لە 600 ملیمەتریش باران کەمتر ببارێت ئەوا ئاستی ئاوی ژێر زەوی دادەبەزێت".

بە گوتەی نەزیر ئەسعەد، "ئێستا ئەو ئاوەی لەژێر زەوی دەردەهێندرێت ئاوی جێگیربووی هەڵگیراوە، نەک ئەو ئاوەی ساڵانە دووبارە لەڕێگەی بارانبارین و بەفربارینەوە پاراو دەبێتەوە و دەچێتەوە ژێر زەوی. ماوەی 20 ساڵە لەڕێگەی دوو گرووپەوە پێوانی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەکەین و بۆمان روونبووەتەوە کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەردەوام لە دابەزیندایە".

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر هۆکاری دابەزینی ئاوی ژێر زەوی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانکاریی کەشوهەوا، خراپ بەڕێوەبردنی ئاو، وەکو زێدەڕۆیی لە هەڵکەندنی بیر و هتد، "کە ئەوەش هۆکاری کەمبوونەوەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوییە، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکەی گۆڕانی کەشوهەوایە، کە دیاریدەیەکی جیهانییە و روو لە زیادبوون دەکات".

قەیرانی ئاوی سازگار و شەپۆلی کۆچ

نەزیر ئەسعەد ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی ئەوان ترسیان لەبارەیەوە هەیە و پێشبینیی دەکەن، ئەوەیە کە وەکو چۆن لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە لەبەر مەترسیی شەڕی نێوخۆیی و داعش و شەڕی تائیفی، بە لێشاو هاووڵاتییان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، هاوشێوەی ئەوە کۆچ رووبدات، بەڵام بە هۆکارێکی جیاواز.

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر پێشبینی دەکات لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا و لەبەر نەمانی ئاوی سازگار بۆ خواردنەوە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، هاووڵاتییان بە لێشاو روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "هەنگاوی پێویست بنێت و خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو نەهامەتییەی کە لە داهاتوودا بەرۆکی هەموو عێراق دەگرێتەوە".

بەکارهێنانی ئاوی سەر زەوی بۆ مانەوەی ئاوی ژێر زەوی

تاوەکو دیاریدەی قەتیسبوونی گەرمی لە جیهان هەبێت، مەترسیی وشکەساڵی هەیە، نەزیر ئەسعەد باس لەوە دەکات "پێویست بەوە دەکات خۆمان لەگەڵ گۆڕانکاریی کەشوهەوا رابهێنین، ئەو ئاوەی هەمانە دەستی پێوە بگرین و زیاتر ئاوی سەر زەوی بەکاربهێنین، وەکو ئاوی زێ و رووبارەکان، نەک پەنا ببرێت بۆ ئاوی ژێر زەوی".

بۆ دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پشت بە ئاوی زێی گەورە بەستراوە، ئەویش لەڕێگەی پرۆژەکانی ئیفراز یەک و دوو، سێ، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر ئەوەی خستەڕوو "پرۆژەی ئیفراز وایکردووە بە سەتان بیر دابخرێن، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باش بووە بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی".

لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی هەشت هەزار و 500 بیری ئاوی مۆڵەتپێدراو و نزیکەی پێنج هەزار بیری بێمۆڵەت هەن، بیرە مۆڵەتپێدراوەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازی هەڵکەندراون.

هەروەها لە سنووری پارێزگاکە لەلایەن دوو تیمەوە ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەپێورێت؛ بە گوتەی نەزیر ئەسعەد، لە هەموو ناوچەکان ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، بەڵام زیاترینیان لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری هەولێرە.

بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەولێریش، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی باسی لەوە کرد "دەبێت هەوڵبدرێت ئاوی زێ و رووبارەکان بۆ ئەو ناوچانە ببرێت. ئەگەر ئەو دۆخە ئابوورییەی هەرێمی کوردستان نەبووایە، دەبوو لە هەردوو زێی گەورە و بچووکەوە پرۆژەی ئاوی بکەوتایەتە کار، بەڵام قەیرانی ئابووری هۆکار بووە بۆ دواکەوتنی ئەو پرۆژەیە".

شەڕی ئاو

بەکارهێنانی ئاو وەکو گوشارێک لەلایەن هێز یان وڵاتێک بەرامبەر وڵاتێکی دیکە لە یاسای گشتیی نێودەوڵەتی باسی لێوە کراوە، بەتایبەت ئەو رووبارانەی سنووری زیاتر لە وڵاتێک دەبڕن.

نەزیر ئەسعەد هیوادارە هاونیشتمانیان ئاو وەکو سامانێکی نیشتمانی گرنگ بەکاربهێنین و دەڵێت "وڵاتانی دراوسێمان بێبەزەییانە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بەنداو و پرۆژە لەسەر ئەو رووبارانە دروستدەکەن کە دەڕژێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەبێ گوێدانە یاسا و رێسا جیهانییەکان. بۆیە پێویستە ئێمەش خۆمان ئامادەبکەین".

هەرێمی کوردستان خاوەنی 17 بەنداوە، کە چوار بەنداویان گەورە و 13 بەنداوەکەی دیکەشیان بچووک و مامناوەندن.

بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بێجگە لەو 17 بەنداوە، هەرێمی کوردستان 17 بەنداوی تەواونەکراویشی هەیە، لەو ژمارەیە پارە بۆ 11 بەنداویان تەرخانکراوە، جگە لە بەنداوی باوەنوور کە لەلایەن کۆمپانیایەکی بیانییەوە کاری تێدا دەکرێت، بەنداوەکانی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارکردن تێیاندا وەستا.

بڕیار وابوو 25 بەنداو لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2017 دروستکرابان، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە پارەکە خەرجنەكرا.
rudaw -
Top