نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا: سەردانەكەی پاپا بۆ كوردستان لە بەریتانیا دەنگدانەوەی هەبوو

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا: سەردانەكەی پاپا بۆ كوردستان لە بەریتانیا دەنگدانەوەی هەبوو
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایدەگەیەنێت، ناوەندی راگەیاندن و دیبلۆماسی و سیاسی بەریتانیا گرنگی زۆریان بەسەردانەكەی پاپا داوە بۆ كوردستان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8/3/2021، کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایگەیاند: "سەردانەكەی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر زۆر گرنگ بوو، سەردانی پاپا بۆ هەر وڵاتێك دەبێتە جێگەی گرنگی و بایەخی وڵاتانی دونیا، سەردانەكە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگییەكەی لەوەدایە چونكە پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان جێگەی پێزانینی وڵاتان بووە و زۆرجیاوازتر بووە لە عێراق".

ئاماژەی بەوەشدا ئەو فرە نەتەوەیی وئایینیەی لە هەرێمی كوردستان هەبووە و پارێزگاری لێكراوە بەسەردانەكەی پاپا جوانتریش پیشاندرا، گوتیشی: "ئەو سەردانە لە نێوەندی بەریتانی دەنگدانەوەی خۆی هەبووە، دۆستەكانمان لە بەریتانیا بە سەردانێكی گرنگیان داناوە، هەمیشە باسی ئەوەیان كردووە هەرێمی كوردستان پارێزەری پێكهاتەكان بووە، بۆیە دۆستەكانمان لە بەریتانیا ئەو سەردانەی پاپایان بە بەهێزكردنی ئەو پێكەوەژیانە ئایینیە لێكداوەتەوە و خوازیارن ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان تەنەشەنە بكات بۆ رۆژهەلاتَی ناوەڕاست".

کاروان جەمال روونی كردەوە، سەردانەكەی پاپا بۆ كوردستان لە نێو میدیای بەریتانیا گرنگی پێدراوە، دەشڵێت: "ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی بەریتانیا وەكوو وڵاتانی تر كامێراكانی خۆیان هێنا و خۆیان گەیاندە كوردستان بۆ ئەوەی رووماڵی ئەو رووداوە گەورە و مێژووییە بكەن، هەروەها رۆژنامەكانی بەریتانیا گوتار و راپۆرتی جیاوازیان لەسەر نووسی و لە كەناڵەكانیش راپۆرتی جۆراوجۆری لەسەر كراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە ناوەندە دیبلۆماسی و سیاسیەكانی بەریتانیاش چاودێری سەردانەكە كراوە، بەبەرزی نرخاندنیان بۆ كردووە، پێیان وابووە سەردانەكە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی ئایینەكانە،چونكە لە عێراق جیاوازی و ناكۆكی ئایینی هەستی پێدەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی ئایینی زۆر بەهێزە، ناوەندەكانی بەریتانیا سەردانەكە بە دەرگایەك دەبینن بۆ زیاتر لەیەكتر نزیكبوونەوە و بڵاوكردنەوەی ئاشتی لە ناوچەكەدا".













باسنيوز


Top