دلاوەر ئاژگەیی: هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاریگەریی گەورەی سیاسی و ئابووریی دەبێت
ئهمڕۆ دووشهممه 8/3/2021، دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێر، ڕای گەیاند، سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆر باشی مێدیایی هەبووە، بە شێوەیەک کە سەردێڕی زۆربەی رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، بە سۆشیال میدیا و کەناڵە ناسراوەکانی وەکوو رۆیتەرز و بی بی سی، کە ڕاستەوخۆ سەردانەکەیان دهگواستهوه، بە تایبەتی ئەو نوێژەی لە هەولێر کرا، کە ئەوە بووە هۆی ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستان بە جیهان و وڵاتانی ئەورووپا، کە هەرێمی کوردستان لەو ناوچە گەرمەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکی تایبەتە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
ئاژگەیی لەرووی دیپلۆماسیشەوە، گوتی ”ئەو سەردانەی پاپا فرانسیس کاریگەری گەورەی هەبووە و بەم نزیکانە زۆر دەرگا بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە، چونکە هاتنی پاپا ئەو راستییەی دەرخست کە لە هەرێمی کوردستان ئاسایش و ئەمنییەت بۆ تەواوی پێکهاتەکان هەیە و داهاتوویەکی باشی دەبێت ئەو هەرێمە، کە ئەوەش دەرگا بە ڕووی بازرگانیی زیاتر و وەبەرهێناندا دەکاتەوە، ئهمهش قازانج و دەستکەوتی ئابوورییه بۆ هەرێمی کوردستان“.
ئەوەشی خستە ڕوو بهو پێیهی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانه لە یەکێتیی ئەورووپا، پەیوەندییەکی زۆریان لەلایەن کەسایەتی و سیاسەتوانانی ئەورووپاوە پێوەکراوە، چ بە تەلەفۆن یان بە ئیمەیل و کەناڵەکانی دیکەی پەیوەندی، هەمووان دەستخۆشی زۆریان کردووە، "پێیان دەگوتم دەستخۆشیتان لێ دەکەین بۆ ئەو (شاکارە دیپلۆماسی)ـیەی کە نیشانتان دا“.
گوتیشی ”خەڵکی ئەورووپا و سیاسەتمەدارانیان ئەو چەمکە (شاکاری دیپلۆماسی) زۆر کەم بەکار دەهێنن، تەنیا لەو کاتانەدا نەبێت کە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش ببینن، هەندێکی دیکە دەیانگوت ئەوەی چەند ساڵە باسی دەکەین کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو هێزە بوو کە کریستیانەکانی پاراست، پێکهاتەکانی بەگشتی پاراست لە عێراق و ناوچەکە، پاپا بە هاتنەکەی بۆ هەرێمی کوردستان واژۆ و خەتمی لەسەر ئەو سەرکەوتنە دا و ئەوەش بوو بە مێژوو کە هیچ کەسێک ناتوانێ نكۆڵیی لەوە بکات، ئەوەی کریستیانەکانی پاراست، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کورد بووە، ئیتر هیچ حزب و کەسێک ناتوانێ ئەو سەرکەوتنە بدزێ کە پاپا بە چاوی خۆی و بە دۆکیۆمێنت ئەوەی لە لایەن سەرۆک بارزانییهوه پێ نیشاندرا، ئەو سەرکەوتنە لە بەڵگەنامە مێژووییەکاندا بە ناوی پێشمەرگەوه تۆمارکران، کە پاپا دانی پێدا ناوە، ئەوەش بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی باشی دەبێت“.
ئاژگەیی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە پاپا مەرجەعی یەک ملیار و دووسهد ملیۆن کەسە لە جیهاندا و وڵاتانی گرنگی وەکوو ئەورووپا و ئەمریکا و ئاسیا لە ژێر کاریگەریی ئەودان، "پاپا کاریگەری زۆری لەسەر بەشێک لە بڕیارەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەیە، لەوانە ئەو پەیوەندییەی لە نێوان کوبا و ئەمریکا دروست کرا بە هۆی هەوڵی پاپاوە بووە، پەیوەندی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیش، هەروەها هەوڵ هەیە بۆ ڕۆڵبینین لە نێوان ئەمریکا و رووسیا کە لەیەکتر نزیک بکرێنەوە، واته بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوە ژیان پاپا کار بۆ ئاشتی و مافی کەمینەکان دەکات، کە ئیتر لەمەودوا کورد بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لەو بەرنامانەی کە بە گرنییگەوە پاپا هەوڵ بۆ مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کورد و ناوەندە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی، دەبێ سوود لەو سەردانە وەر بگرێت و پەیوەنیدی باش لەگەڵ ڤاتیکان دابمەزرێنێ، چونکە پاپا سەردانەکەی جگە لە پەیامی ئایینی، پەیامی سیاسیشە“.
ئاژگەیی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕاشیگەیاند، کە پاپا بەو هاتنهی، هەرێمی کوردستانی خستەوە سەر دێڕی ئەجێندای سیاسی لە جیهاندا، " لەو سەردانەی پاپا، سوودمەندی سەرەکی هەرێمی کوردستان بووە، چونکە پاپا سەردانی چەند شوێنێکی کردووە لە عێراق، کە جگە لە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی تیادا نەبینیوە، ئەوانیش كهنیسهیهك لە بەغدا کە قاعیدە وێرانی کرد و خەڵکی تیادا کوژرابوو، کهنیسهیهك لە موسڵ کە داعش وێرانی کردبوو و خەڵکی تیادا کوژرابوو، بەڵام لە هەولێر کە زۆرترین کاتی تیادا بەسەربرد، دیداری هەبوو لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان، ئەوەشی بە چاوی خۆی بینی کە هەولێر لەو پەڕی ئارامی و ئاسایشدایە و بەبێ ترس تیایدا مایەوە و لە گەورەترین یاریگای نێودەوڵەتی نوێژی کرد، کە یاریگاکەش هەر بەناوی کەسایەتییەکی کریستیانهوه کراوە“.
باسنیوز
