سەرکردەیەکی هاوپەیمانی: لە کوردستان پڕۆتۆكۆڵ و ڕێكخستنی پێشوازی له پاپا له ئاستێكی زۆر باشدا بوو
ئهمڕۆ دووشهممه 8/3/2021، جەلال ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕايگەیاند: "لە ڕوانگەی کرانەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕووی جهان و بهههندوهرگرتنی لە ڕێوڕەسمە جیهانییەکاندا بەرەو پێشچوونێکی باشە، کە پاپا هاوکات لەگەڵ سەردانی بەغدا، سەردانی هەولێریشی کرد و ڕێوڕەسمێکی گرنگی بۆ کرا".
هەروەها ئەوەشی گوت "لە پێشوازیی پاپا زانایانی ئایینی ئامادە بوون بۆ خستنەڕووی لێبوردەیی ئایینی ئیسلام و باوەڕبوونی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی شوێنکەوتوانی ئایینە ئاسمانییەکان و ڕەتکردنەوەی هەموو توندڕەوی و ڕقێک بە ناوی ئایینەوە کارێکی زۆرباش و ڕاستکردنەوەی ئەو وێنە شێواوەیە کە خراوەتە بەرچاوی گەلانی ئەوروپا و جیهان بە گشتی دەربارەی ئیسلام".
جەلال ئەحمەد لە بارەی سەرکەوتنی پێشوازییەکەوه، ئاماژهی بهوه كرد لە ڕووی پڕۆتۆکۆڵ و ڕێکخستنی ڕێوڕەسم و دیدارەکانەوە، لە ئاستێکی زۆر باشدابوون، لە ڕووی سیاسی و پەیوەندییەکانیشەوە سەردانێکی گرنگ بوو، کاریگەریشی دەبێت لە داهاتوودا".
ڕوونیشی کردەوە، ئەوان لە هاوپەیمانیی نیشتمانی باوەڕیان بە مرۆڤسەنتەری هەیە "بانگەشە بۆ پێکەوەژیان دەکەین، بۆیە هەرچی نزیکبوونەوەی پێکهاتە جیاوازەکانە، بەلای ئێمەوە هەنگاوێکی دروسته".
باسنيوز
