پەرلەمانتارێك: سوپاسەكەی پاپا بۆ سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینە بۆ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان

پەرلەمانتارێك: سوپاسەكەی پاپا بۆ سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینە بۆ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان
پەرلەمانتارێكی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێ سوپاسەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ سەرۆك بارزانی بۆ ئاشتیخوازی سەرۆك بارزانی و پاراستنی پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستاندا.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆبووەوه‌، پاپا فرانسیس به‌ سه‌رۆك بارزانی ڕاگه‌یاند "سوپاستان ده‌كه‌م بۆ پاراستنی پێكهاته‌كان، ئێوه‌ نه‌ك له‌ من، به‌ڵكو پێشوازیتان له‌ مه‌سیحییه‌كانیش كرد و له‌ كاتی هێرشی داعش ئێوه‌ كریستیانه‌كانتان پاراست، ئێوه‌ وه‌كو برا پێشوازیتان له‌ مه‌سیحییه‌كان كرد".

لەمبارەیەوە كلارە عۆدیشۆ پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند "سوپاسەكەی پاپا بۆ سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی پاپایە بۆ خودی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان كە مەسیحییەكانیان پاراست لە هێرش و پەلامارەكانی داعش، سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە گیان و ماڵ و موڵكی مەسیحییەكانیان پاراست، بۆیە پاپا سوپاسی ئەو هەڵوێستەی كرد و ستایشی هەرێمی كورستانی كرد".

ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردەوە كە ئەوان وەكو مەسیحییەكان سوپاسەكەی پاپا بۆ سەرۆك بارزانی زۆر بەبەرزی دەنرخێنن، گوتیشی "ئەو سوپاسكردنە زۆر گرنگ بوو بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆك بارزانی لە جیهاندا ناوبانگی هەیە بەوەی مرۆڤێكی ئاشتیخوازە و توانیویەتی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لە نێو پێكهاتەكان بپارێزێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی پێشمەرگە هەموو پێكهاتەكانیان پاراستووە، بە تایبەت مەسیحیەكان، هاوكات ئاوارەكانیشی حەواندۆتەوە، بۆیە ئەو سوپاسەی لە مرۆڤێكی وەكوو پاپا كە كەسایەتەیەكی جیهانییە بۆسەرۆك بارزانی رەنكگدانەوەی سیاسی و ئایینی دەبێت و زۆر بایەخدارە".

هەروەها جەختی كردەوە پاپا زۆر خۆشحاڵ بووە بەو پێشوازییەی كە لە نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتە و ئایینەكانی كوردستان لێی كراوە، گوتیشی "پاش گەڕانەوەی پاپا، سەردانەكە كاریگەری باشی دەبێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان و چاوی دونیا زیاتر لەسەری دەبێت".
basnews -
Top