پاپا فرانسیس لەنێو کەنیسەیەکی وێرانکراوی موسڵ گوتارێکی پێشکێشکرد
موسڵ پێش حەوت ساڵ داعش کۆنترۆڵی کردبوو، هەموو کەنیسەکانی وێرانکرد، لەناو هەمان ئەو کەنیسانەوە مەتران و قەشەکانی موسڵ پەیامی ئاشتیخوازیی خۆیان گەیاندە پاپا، بۆئەوەی هانی کریستیانەکان بدەن بگەڕێنەوە شارەکە.
راهیبەیەک بەناوی نەجیبا یەسوع دەڵێت، ئەوان وەکو راهیبە حەزدەکەن بچنە موسڵ، بۆئەوەی بە برا موسڵمانەکانیان بڵێین ئەوەی روویدا روویدا، "ئێمە حەزدەکەین پەیوەندییەکی ئاشتیانە و برایانە/خوشکانە لەنێوان خۆماندا دروستبکەین".
شێخ عەلی عەجیلی سەرۆک هۆزە و دەڵێت "داوامان لە پاپا کرد جەخت لە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گوشار لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا بکات نەک تەنیا حکومەتی عێراق، چونکە پارێزگای نەینەوا وێران بوو، ئێمە دەمانەوێت نەینەوا ئاوەدان بێت".
شێخ ئیلیاس بابیری، کەسایەتیی ئێزدی گوتی "سەردانی پاپا، سەرەدانی خێری پێکەوەژیانە بۆ ئێزدی، موسڵمان و کریستیانەکانی موسڵ".
ژمارەیەک کەسایەتی بەشدار لە ئاوەدانکردنەوە و پێکەوەژیان لە هەموو ئایین و نەتەوەکان لە موسڵ لەلایەن پاپا فرەنسیسەوە خەڵات کران. لارا زارا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش رایگەیاند "بێگومان بینینی قەداسەتی پاپا هەلێکی زێڕین بوو"، هەروەها باسی لەوەش کرد کە سڵاوی ناحیەکەیی بە پاپا گەیاندووە و پێی گوتووە کە لەگەڵ پێشمەرگە و ئاسایش خاچی سەر کەنیسەی بەعشیقەی بڵند کردووە.
دوای موسڵ، پاپا فرەنسیس بەرەو قەرەقۆش بەڕێکەوت و بە سەدان کەس لەسەر شەقامەکان پێشوازییان لێکرد و دواتر لە کەنیسەی "طاهرة الکبرا" کەسایەتییە ئایینییەکان ئەو ناخۆشی و ناڕەحەتییانەی کریستیانەکان لەو دەڤەرە لەسەر دەستی داعش بەسەریان هاتبوو، بۆ پاپا فرەنسیسیان گێڕایەوە.
rudaw -
