پاپای ڤاتیكان گهورهترین رێوڕهسمی ئایینی له ههولێر بهڕێوهبرد
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بە هەزاران کەس لەشەقامەکان لە پێشوازیدا راوەستاوبوون و بەخێرهاتنیان کرد.
پاپای 84 ساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی سەرکراوە و هاوشێوەی هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ڤاتیکان بەشداری مەراسیمەکانی پێدەکات دێتە ناو یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 10 هەزار کەس بۆ یەکەمجار بەشداری گەورەترین قوداسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
پاپا لە هەرێمی کوردستان قوداسەکەی لە یاریگەیەک بەرێوەدەبات کە بەناوی سیاسیەكی دیاری کریستیانەوە کراوە و 20 ساڵ لەمەوبەر تیرۆر کراوە.
پەیکەرێکی مەریەمی پاکیزە، کە لە ساڵی 2014 لە کەنیسەی کرێملێس شکێنرا دوای رزگارکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پەیکەرەکەی مەریەمی پاکیزە گەڕێندراوەتەوە و ئەمرۆ لە قوداسەکەی یاریگای فرانسۆ هەریری لەلایەن پاپاوە پیرۆز کرا.
پاپا فرانسیس لەبەرامبەر پاراستنی کەمینەکان و رێزگرتن لێیان و داڵدەدانی هەزاران کریستیانی ئاوارە سوپاسی گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
پاپا فرانسیس گوتی: "لە ماوەی مانەوەم لەگەڵ ئێوە گوێم لەو دەنگانە بوو کە ئازاریان چەشتووە و ئازیزانیان لەدستداوە. لەهەمان کاتدا گوێم لە دەنگی هیوا و ئارامی و دڵنەوایش بوو. لە ناو جەرگەی هەژاری و سەختیەکاندا ئێوە بە بەخشندەیی خۆتان هاوکارییەکی تەواوی هەژاران و ئەوانەتان کرد، کە لە دۆخێکی سەختدان و دڵنەواییتان کردن، ئەوە یەکێکە لەو پاڵنەرانەی کە منی هێنایە ئێرە و ویستم لێرەوە لەگەڵ ئێوە حەج بکەم و سوپاستان بکەم. لەناخی دڵمەوە سوپاسی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان دەکەم."
ماتیۆ برونی وتەبێژی ڤاتیکان لەبارەی قوداسە مێژووییەکەوە گوتی: سەردانەکە و قوداسەکەش زۆر تایبەتە و ئەوە دەسەلمێنێت، کە پاپا چەندە ئەم خاکە و خەڵکەکەشی خۆش دەوێت.
پێش 2003 ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراق ژیاون، ئێستا ژمارەیان بۆ کەمتر لە 400 هەزار کەس کەمبووەتەوە. بەپێچەوانەی عێراق، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کریستیانەکان زیاتر بووە و داڵدەی ئەو کریستیانانەش دراوە کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
k24 -
