پاپای ڤاتیكان گه‌وره‌ترین رێوڕه‌سمی ئایینی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌برد

پاپای ڤاتیكان گه‌وره‌ترین رێوڕه‌سمی ئایینی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌برد
پاپا فرانسیس رایگەیاند: بەخشندەیی گەلی کورد و هاوکاری و دڵنەواییکردنی کریستیانەکان و ئەوانەی تووشی نەهامەتی هاتوون وایکرد قه‌داسەکە لێرە لەگەڵ ئێوە ئەنجام بدەم. پاپا فرانسیس لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەولێری پایتەخت بۆ یەکەمجار بەشداری گەورەترین قه‌داسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. گوتەبێژی ڤاتیکانیش ئاماژەبیكرد: سەردانەکەی پاپا و قوداسەکە مێژووییەکە ئەوە دەسەلمێنێت، کە پاپا فرانسیس زۆر گرنگی بەو خاکە و دانیشتوانەکەشی دەدات.

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بە هەزاران کەس لەشەقامەکان لە پێشوازیدا راوەستاوبوون و بەخێرهاتنیان کرد.

پاپای 84 ساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی سەرکراوە و هاوشێوەی هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ڤاتیکان بەشداری مەراسیمەکانی پێدەکات دێتە ناو یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 10 هەزار کەس بۆ یەکەمجار بەشداری گەورەترین قوداسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

پاپا لە هەرێمی کوردستان قوداسەکەی لە یاریگەیەک بەرێوەدەبات کە بەناوی سیاسیەكی دیاری کریستیانەوە کراوە و 20 ساڵ لەمەوبەر تیرۆر کراوە.

پەیکەرێکی مەریەمی پاکیزە، کە لە ساڵی 2014 لە کەنیسەی کرێملێس شکێنرا دوای رزگارکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پەیکەرەکەی مەریەمی پاکیزە گەڕێندراوەتەوە و ئەمرۆ لە قوداسەکەی یاریگای فرانسۆ هەریری لەلایەن پاپاوە پیرۆز کرا.

پاپا فرانسیس لەبەرامبەر پاراستنی کەمینەکان و رێزگرتن لێیان و داڵدەدانی هەزاران کریستیانی ئاوارە سوپاسی گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

پاپا فرانسیس گوتی: "لە ماوەی مانەوەم لەگەڵ ئێوە گوێم لەو دەنگانە بوو کە ئازاریان چەشتووە و ئازیزانیان لەدستداوە. لەهەمان کاتدا گوێم لە دەنگی هیوا و ئارامی و دڵنەوایش بوو. لە ناو جەرگەی هەژاری و سەختیەکاندا ئێوە بە بەخشندەیی خۆتان هاوکارییەکی تەواوی هەژاران و ئەوانەتان کرد، کە لە دۆخێکی سەختدان و دڵنەواییتان کردن، ئەوە یەکێکە لەو پاڵنەرانەی کە منی هێنایە ئێرە و ویستم لێرەوە لەگەڵ ئێوە حەج بکەم و سوپاستان بکەم. لەناخی دڵمەوە سوپاسی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان دەکەم."

ماتیۆ برونی وتەبێژی ڤاتیکان لەبارەی قوداسە مێژووییەکەوە گوتی: سەردانەکە و قوداسەکەش زۆر تایبەتە و ئەوە دەسەلمێنێت، کە پاپا چەندە ئەم خاکە و خەڵکەکەشی خۆش دەوێت.

پێش 2003 ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراق ژیاون، ئێستا ژمارەیان بۆ کەمتر لە 400 هەزار کەس کەمبووەتەوە. بەپێچەوانەی عێراق، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کریستیانەکان زیاتر بووە و داڵدەی ئەو کریستیانانەش دراوە کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
k24 -
Top