کۆنسوڵی فەرەنسا و بەریتانیا لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس چی دەڵێن؟
جەیمس سۆرنتۆن، کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان چەند وێنەیەکی خۆی لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردووەتەوە و لە تویتێکیشدا دەنووسێت، "رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆی پاپا فرانسیس لە هەولێر پڕ لە خۆشی و شادی بوو. شەرەفێکی گەورە بوو لەوێ بووم".
کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەنووسێت، "کۆمەڵگەی کریستیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاشتییانە لەگەڵ موسڵمان، ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە دەژین. ئومێدەوارم ئەم پێکەوەژیانە درێژەی هەبێت".
وێنەیەک کە لەلایەن کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و ساتی گەیشتنی پاپا فرانسیسە بۆ یاریگەی فرەنسۆ هەریریوێنەیەک کە لەلایەن کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و ساتی گەیشتنی پاپا فرانسیسە بۆ یاریگەی فرەنسۆ هەریری
هاوکات ئۆلیڤیە دیکۆتیگنس، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان چەند وێنەیەکی ئەمڕۆی یاریگەی فەرەنسۆ هەریریی داناوە. یەکێک لە وێنەکان لەکاتی ئامادەکارییەکاندایە بۆ پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس و لە تویتێکیشدا لەبارەی ئەو وێنە نووسیویەتی، "ئێرە یاریگەی فرەنسۆ هەریرییە، تێیدا پاپا فرانسیس دوایین رێوڕەسمی خۆی لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق ئەنجام دەدات. ئەم یاریگەیە بەناوی کەسایەتییەکی گەورەی کوردستانەوەیە کە کریستیانێکی ئاشووریی خەڵکی هەریر بوو. ئەو کەسایەتییە لە خەباتی کورددا بەشداربوو، پارێزگاری هەولێر بوو و دواتریش بووە قوربانیی هێرشێکی تیرۆریستی لە ساڵی 2001".
کۆنسوڵی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتی گەیشتنی پاپا فرانسیس بۆ یاریگەی فرەنسۆ هەریری، وێنە دەگرێتکۆنسوڵی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتی گەیشتنی پاپا فرانسیس بۆ یاریگەی فرەنسۆ هەریری، وێنە دەگرێت
بەیانیی رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای مانەوەی بۆ دوو رۆژ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە بەغداوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەش یەکەم سەردانی پاپا بوو بۆ هەولێر و وەکو سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازی لێکردنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین و... هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین".
دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ماڵئاوایی لێ کرا.
rudaw -
